سامان بەرزنجی: سەرۆکی حکومەت بودجەیەکی فریاگوزاری بەبڕی دوو ملیار دینار بۆ سلێمانی تەرخانکردووە

18/06/2020
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بودجەیەکی فریاگوزاری بەبڕی دوو ملیار دینار بۆ فەرمانگە تەندروستییەکانی پارێزگای سلێمانی تەرخانکردووە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێم رۆژ لەدوای رۆژ روو لە زیادبوون دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا لە هەرێم بۆ کەمتەرخەمی و شێلگیری لە خاڵەکانی پشکنین و دەروازە سنورییەکان دەگەڕێتەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، خاوبوونەوە لە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارە خۆپارێزییەکان کارەسات دروستدەکات.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سامان بەرزنجی ئاشکرای کرد، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بودجەیەکی فریاگوزاری بەبڕی دوو ملیار دۆلار بۆ فەرمانگە تەندروستییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی تەرخانکردووە.

وەزیری تەندروستی هەرێم راشیگەیاند، تا ئێستا رێژەی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە هەرێمی کوردستان ٣٪ بووە و زۆرترین رێژە تووشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکەش لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە کە دەکاتە ٦٧٪ی سەرجەم تووشبووان لە هەرێم.