ئەمریکا سیاسەتی ڕوماڵی میدیاکانی خۆی تایبەت بە دۆخی عێراق دەگۆڕێت

18/06/2020
فۆتۆ: 

لێپرسراوێکی دیاری عێراق ئاشکرایکرد، واشنتۆن ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر داوایەکی بەغدا، سەبارەت بە گۆڕینی سیاسەتی ڕوماڵی ئەو دەزگا میدیاییانەی کە لەسەر دۆخی عێراق قسە دەکەن و ئەمریکا کۆمەکی داراییان دەکات.

 ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی ئەلجەدید لە زاری ئەو لێپرسراوە دیارەی عێراق کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات بڵاویکردەوە "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر داوایەکی عێراق، سەبارەت بە سیاسەتی ڕوماڵی ئەو میدیایانە کە بە زمانی عەرەبی پەخش دەکەن و قسە لەسەر ڕەوشی عێراق دەکەن، دیارترینیشیان بریتین لە حورە عێراق و ڕادیۆی سەوا و ماڵپەری دەنگت بەرزکەوە (ارفع صوتک).

ئەو لێپرسراوە ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتۆن ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەک سەبارەت بە ڕۆشنایی خستنەسەر دۆخی عێراق، کە لە دوو ساڵێ ڕابردوودا شێوازی هێرشکردنی بەخۆیەوە دیوە و تیایدا هێرشکراوەتە سەر سیاسەتمەدار و سەرکردە و حزبە جیاجیاکان و ئەو گروپە چەکدارانەی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

ڕوونیشیکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نایەوێت کازمی ڕووبەڕووی شکست بکاتەوە و هەوڵی پشیتوانیکردنی دەدات و بەو هەنگاوانەش دەتوانێت بەرەی ناوخۆیی بۆ هێوربکاتەوە، بۆ ئەوەی کاریگەریی نەبێت لەسەر بابەتی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنۆتن.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەو هەنگاوەی واشنتۆن هەوڵێکە بۆ هاوکاری و کۆمەککردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و پشتیوانی لە حکومەتەکەی، بە پێچەوانەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشوەوە، کە هەست بەوە دەکرا ناکۆیەکی گەورەی هەیە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکادا.

بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە ، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری گۆڕینی بەڕێوەبەری چەند دامەزراوەیەکی میدیایی داوە کە لە لایەن حکومەتەکەیەوە کۆمەکی دارایی دەکرێت.

کەمێک دوای بڕیارەکەی ترەمپ  "ئەلبێرتۆ فرناندیز" دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا و بەڕێوەبەری کەناڵی حورەی ئەمریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاند، دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە و هێرشی توندی کردووەتە سەر چەند هێز و کەسایەتی سیاسی عێراقی و تۆمەتباری کردوون بەوەی سەر بە ئێرانن.

لە لایەکی ترەوە چەند دەزگایەکی میدیایی دیاری ئەمریکا لەوانەش ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن ڕایانگەیاند، ئەو گۆڕانکاریانە مەترسی ئەوەیان لێدەکرێت ئەو میدیایانەی کە حکومەتی ئەمریکا کۆمەکیان دەکات ببنە مینبەری حزبی تایبەت.

ئەوەش لە کاتێکدایە لەسەرەتای ئەمساڵدا دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، سزای سەپاند بەسەر کەناڵی حورەی عێراق و نوسینگەکانی داخست و مۆڵەتی کارکردنشی لێسەندەوە، دوای ئەوەی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەسەر گەندەڵییەکانی هەردوو دامەزراوەی ئایینی شیعەو سونە لە عێراقدا.