ئێران و ئەمریکا لەسەر ئاڵوگۆڕی زیندانیان و ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکان رێککەوتن

02/05/2021
فۆتۆ: 

ئێران و ئەمریکا لەسەر ئاڵوگۆڕی زیندانیان و ئازادکردنی بەشێک لە پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران رێککەوتن.

کەناڵی مەیادینی لوبنان لەزاری چەند بەرپرسێکی ئێران بڵاویکردووەتەوە، واشنتن رەزامەندی دەربڕیوە چوار زیندانیی ئێرانی کە بەتۆمەتی دەوردانەوەی گەمارۆکان لە گرتوخانەکانی ئەمریکا دەستبەسەر کراون، ئازاد بکات.

ئەو بەرپرسانە کە نەیانویستووە ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، ئاماژەیان بەوەشکردووە، هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریداوە بڕی ٧ ملیار دۆلار لە پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازاد بکات.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لە بەرامبەردا تاران رەزامەندی دەربڕیوە، چوار هاوڵاتی بەڕەچەڵەک ئەمریکی کە بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگا هەوڵگرییەکانی ئەمریکا لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەرکراون، ئازاد بکات.

ئاشکراشیانکردووە، لە میانی دانوستانەکاندا ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەنیازبووە رێگە لە ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران بگرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە لەبەر ئەوەی لایەنی ئێرانی پێداگری لەسەر ئەو خاڵە کردووە.

ئەم رێککەوتنەی ئێران و ئەمریکا لەکاتێکدایە کە لەئێستادا دانوستانی تاران و وڵاتانی 4+1 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەدەچێت، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی کە ساڵی ٢٠١٥ ئیمزاکرا و پابەندبوونی دووبارەی ئێران بە رێککەوتننامەکە.

چەند رۆژ پێش ئێستاش، عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، تاران و واشنتن سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانن.

رەبیعی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، "ئێمە دەمانەوێت سەرجەم ئەو گیراوە ئێرانیانەی کە بە ناڕەوا لە گرتووخانەکانی ئەمریکا دەستبەسەرکراون و ژمارەیان زۆر لەو زیندانیکراوە ئەمریکیانە زیاترە کە لە ئێرانن، بەپێی بنەما مرۆڤایەتییەکان ئازاد بکرێن".