چین سزایەکی توند بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت کە خۆراک بەهەدەر دەدەن

02/05/2021
فۆتۆ: 

وەرگێڕانی: هەورامان وریا قانع

حکومەتی چین بۆ ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی خۆراک، یاسایەکی دەرکرد و تێیدا سزایەکی توندی ئەو کەس و لایەنانە دەدات کە خواردن بە هەدەردەدەن. لە وڵاتە گەورەکانی ئاسیا، داواکردنی خواردن لە کاتی ژەمەکاندا، زیادەڕۆیی زۆری پێوەدەکرێت. لە هەندێک ناوەندی کۆمەڵگای چینی، سازدانی خوانی گەورە و پڕ خۆراک، بووە بە قاعیدە. ئەمەش وایکرد سەرۆکی چین "شی جینبینگ" لە ناوەڕاستی مانگی ئابی 2020، بە هەدەردانی خۆراک لەلایەن هاوڵاتییانەوە بە "شۆک و نیگەرانی- صادم و ومقلق" وەسف بکات. هەر بۆیە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، ڕۆژی پێنج شەممە، 29-4-2021 یاسایەکی دەرکرد و تێیدا بەهەدەردانی خۆراکی وەک کەتن دانا .

یاساکە دەسەڵاتی بەخشییوەتە دەزگا خۆراکییەکان، لە حاڵەتی بوونی بەفیڕۆدانی خۆراکدا، دەتوانن پارەی زیادە بخەنە سەر وەسڵی ئەو کەسانەی خواردنەکەیان بەهەدەر داوە. هەروەها ئەو کەسانەی ئەگەر هەمو ئەو خۆراکەی، داوایان کردووە بخۆن، پاداشت بکرێن. ئەو ڕێستۆرانت و چێشتخانانەی هانی مشتەریەکانیان دەدەن بڕی زیاتری خواردن داوا بکەن، دووچاری غەرامە دەبنەوە، زۆرترین غەرامەش دەگاتە نزیکەی 1500 دۆلار. یاساکە سزای زۆر توندی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە دەدات، کە لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت بڵاودەبنەوە و تێدا، خەڵکانێکی دەردەکەون کێبڕکێی زۆر خواردن دەکەن. وێنەگرتنی ئەو دیمەنانە یان بڵاوکردنەوەیان، خاوەنەکەی ڕوبەڕووی سزایەکی دارایی دەکاتەوە کە بڕەکەی 15 هەزار دۆلارە .

وتەکەی سەرۆکی چین، بەس بوو بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە، کۆمەڵێ دەستپێشخەری زۆر بخەنەڕوو. بۆ نمونە هەندێک لە چێشتخانەکان، داوا لە مشتەریەکانی دەکات، ژمارەی ئەو خواردنەی داوای دەکەن، با دانەیەکی کەمتربێت لە ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەر مێزەکە دانیشتوون. ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی نەریتی داواکردنی خۆراک بە شێوەیەکی زیادەڕۆیی، بە تایبەت لەکاتی نانخواردنی بە کۆمەڵ. لە شاری شانغشا کە دەکەوێتە ناوەڕاستی چین، یەکێک لە چێشتخانەکان، پێش ئەوەی مشتەرییەکانی بڕۆنە ژورەوە بۆ نانخواردن، کێشیان دەپێوێت، بۆ ئەوەی داوای ئەو ژەمە خواردنە بکەن کە لەگەڵ کێشیان گونجاوە. هەندێک چێشتخانەی دیکە، "بڕێک پارەی زیاد وەک بارمتە" بەسەر مشتەریەکانیدا دەسەپێنێت، ئەگەر هەمو ئەو خواردنەی لە قاپەکاندایە نەیخۆن، ئەوا ئەو بڕە پارەیەیان بۆ ناگەڕێنێتەوە .

ئەکادیمیای چین بۆ زانست، ساڵی 2018 لە ڕاپۆرتێکیدا، باس لەوە دەکات تێکڕای بەهەدەردانی خۆراک، بۆ کەسێک لە هەر ژەمێک لە ژەمەکانی خواردنیدا، نزیکەی 100 گرام بووە!. جگە لەوە ئەکادیمیای زانست بۆ کشتوکاڵ، لە ساڵی 2015، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ساڵانە نزیکەی 35 ملیۆن تەن، خواردن بەفیڕۆ دەچێت لە وڵاتێکدا ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ملیارێک و چوار سەد ملیۆن کەسە. هەروەها کەرتی چێشتخانەکان، تەنها لە شارە گەورەکاندا، ساڵانە نزیکەی 18 ملیۆن تەن خۆرک بە هەدەر دەدەن .

دواجار بەو هیوایەی لای ئێمەش، یاسایەکی لەو جۆرە دەربکرێت و سنورێک بۆ ئەو هەمو بەهەدەردانەی خۆراک دابنرێت .

سەرچاوە: الشرق الاوسط