ئێران: لەسەر هەموو ئاستێک ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ سعودیەدا

03/05/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەل سعودیەدا لەسەر هەر ئاستێک بێت، گفتوگۆکانیش کاریگەرییان دەبیت لەسەر هەردوو وڵات و دەوڵەتانی ناوچەکەش.

سەعدی خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ ڕایگەیاند، دروستبوونی گۆڕانکاری لە گوتاری سعودیە بەرامبەر بە ئێران، هاوکار دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، هەوڵەکان ئەنجامی کرداریان نابێت، ئەگەر لێدوانەکان گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتەکاندا دروست نەکات.

ئەو وتانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٢٧ی مانگی نیسانی ڕابردوو، محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیا  فەرمییەکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، سعودیە خواستی هەیە پەیوەندیی دروست و باش لەگەڵ ئێراندا بنیات بنێت، بەوپێیەی دەوڵەتێکی هاوسێیە و دەیەوێت بە گەشەپێدانەوە بیبنێت.

محەمەد بن سەلمان ئاماژەی بەوەشکردبوو، لەو روەوە هەندێک کێشە هەیە، بەڵام سعودیە لەگەل هاوبەشەکانی سەرقاڵی چارەسەرکردنیانە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی خۆرئاوا ئاشکرایانکرد، لە مانگەدا بەغدا گفتوگۆی هاوبەشی نێوان سعودیە و ئیران بەخۆیەوە دەبینێت، کە شاندی باڵای هەردوو وڵات بەشداری تیا دەکەن، سەبارەت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان.

ئەو سەرچاوانە ئاشکرایکردووە، بەشێک لە تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکان تایبەت دەبیت بە هەردوو دۆسیەی لوبنان و یەمەن.

لە ئێستادا ناکۆکیەکی توند لە نێوان سعودیە و ئێراندا هەیە، دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە دوای جەنگی ناوخۆیی یەمەن و سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانی عەرەبی لە دژی حوسییەکانی یەمەن، بەرەو خراپتر چوو.

 لە ساڵی ٢٠١٦وە تاران و ڕیاز هیچ پەیوەندییەکانی دیپلۆماتیان لە نێواندا نەماوە، دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی ئێرانی لە تاران هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە  لەو وڵاتە و لەو کاتەشەوە سعودیە باڵیۆزخانەی خۆی لەو وڵاتە داخستووە.