لاهور شێخ جەنگی: هەڵبژاردنی داهاتوو بناغەیەکی بەهێزە بۆ داهاتووی عێراق و هەرێم
   
                            
                             
                            
                            
                            
                            
                            
                            
                             
                                لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکانی یەکێتی، لە میانی پێشوازیکردن لە بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی کۆماری عێراق ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی داهاتوو هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و دانانی بناغەیەکی بەهێز بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان.
                                
  
                               
                                 لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشکرد، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق گفتوگۆیانکردووە، دەربارەی دواپێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەو ڕووەوە ئاماژەیان کردووە بە گرنگی ڕۆڵی نیشتیمانیی سەرۆككۆمار کرد بۆ كاركردن لەسەر یەکخستنی ڕیزەکان و پەرەپێدانی پڕۆسەی سیاسی بە پشتبەستن بە دەستوور كە بەشداری ڕاستەقینە و نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكان لەخۆ بگرێ. 
هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی د.بەرهەممان کرد بۆ ئەو ڕۆڵەی کە تیادا سەرکەوتوو بووە بۆ دەربازبوون لەو ئاستەنگانەی كە پێشتر هاتوونەتە پێش و تێپەڕاندنی كێشەكان بە شێوەیەكی ژیرانە كە خێر و بەرژەوەندیی گەلی تیادا بێ بە هەموو پێكهاتەكانیەوە. 
دەربارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، کە جەختیانکردووەتەوە لەوەی، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد و ڕامانگەیاند کە هەڵبژاردنی داهاتوو هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و دانانی بناغەیەکی بەهێز بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان. لەو ڕووەشەوە جەختمان لەسەر ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد کە جێگەی ڕەزامەندی هەمووان بێت. 
لە کۆتایی دیدارەکەدا هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردووە، پێکەوە باسیان لە بەستنی هاوپەیمانیی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بە هەنگاوێکی گرنگمان لە قەڵەمدا بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە بەغدا. 
  
 
 
                            
                             
 |