مایک پۆمپێیۆ: جۆن بۆڵتن خائینە و زیان بە ئەمریکا دەگەیەنێت

19/06/2020
جۆن بۆڵتن راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەسۆشێتدپرێس
ئەمریکا

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆن بۆڵتن راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە خائین لەقەڵەم دەدات و دەڵێت، زیان بە وڵاتەکەی دەگەیەنێت.

بڕیارە ٢٣ی ئەم مانگە جۆن بۆڵتن راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، پەرتوکێک لە بیرەوەرییەکانی بخاتە ناو بازاڕەوە کە تیایدا دۆناڵد ترەمپ-ی وەک کەسێکی ناشایست بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا وەسفکردووە و چەند بابەتێکی وروژێنەری سەبارەت بەناوبراو ئاشکرا کردووە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەش، مایک پۆمپێیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، "ئەوە جێی داخ و مەترسیدارە کە دواین رۆڵی جۆن بۆڵتن، رۆڵی خائینێکە و زیان بە ئەمریکا دەگەیەنێت".

لە پەرتوکەکەیدا کە بەناوی (The Room Where It Happened: A White House Memoir ) بڵاویدەکاتەوە، جۆن بۆڵتن چەند شتی سەیروسەمەرە لەسەر دۆناڵد ترەمپ باسدەکات، لەوانەش دەڵێت، "ترەمپ وایزانیوە فینلەندا بەشێکە لە رووسیا، سەرۆکی ئێستا و پێشووی ئەفغانستانی لێ تێکەڵبووە، داوایکردووە رۆژنامەڤانان لەسێدارەبدرێن و هەروەها ترەمپ وتوویەتی، ڤەنزوێلا بەشێک بووە لە ئەمریکا و دەبێ داگیری بکەن".

یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە بۆڵتن لە پەرتوکەکەیدا ئاماژەی پێکردووە ئەوەیە کە بە وتەی ناوبراو، لە میانی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی گروپی بیست (G20 ) دۆناڵد ترەمپ داوای لە شی جینپینگ سەرۆکی چین کردووە، بە کڕینی زیاتری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا، چانسی بردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمساڵی ئەمریکا زیاتر بکات.