بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی هەڵسوکەوتی توندی سەلەفییەکان چوار کەس لە مەریوان دەستبەسەرکران

04/05/2021
فۆتۆ: 

رۆژێک پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی بەشێک لە خەڵکی مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە هەڵسوکەوتی توندی سەلەفییەکان لە شارەکەیاندا و برینداربوونی دوو هاووڵاتی بە چەقۆ و قەمە لە لایەن ئەو گروپە ئیسلامییەوە، دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی چوار هاوڵاتیان لەو شارە دەستبەسەرکرد.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی رابردوو هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنە چوار کەسیان بە ناوەکانی کەژوان فەیزی، فواد فەیزی، ئاکۆ چاوکی و شێرکۆ سوهرابی دەستبەسەرکردووە.

ئاشکراشیکردووە، ئەو چوار هاوڵاتییە خەڵکی گەڕەکی داسێرانی مەریوانن و بە هۆی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە مانۆڕی سەلەفییەکان لەو گەڕەکەدا و بریندارکردنی دوو هاووڵاتی لەلایەن ئەو گرووپە ئیسلامییەوە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

ئێوارەی رۆژی شەممە ١ی٥ی٢٠٢١، گروپێک لە سەلەفییەکانی مەریوان بە چەقۆ و قەمە هێرشیان کردە سەر ماڵی هاوڵاتییەک لە گەڕەکی داسێران و دوو کەسیان بریندارکرد کە دۆخی تەندروستی یەکیان ناجێگیرە.

دواتر بەشێک لە خەڵکی مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی دژی مانۆڕی سەلەفییەکانی ئەو شارە لە گەڕەکی داسێران کۆبوونەوە و خوازیاری لێپێچینەوەی دەزگا ئەمنییەکان لەو گروپە بوون کە هێزە ئەمنییەکان لە شوێنەکە ئامادەبوون و بڵاوەیان بە خەڵکی ناڕازی کردبوو.