لە سنورەکانی مەریوان ئەفسەرێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوریی ئێران کوژرا

04/05/2021
فۆتۆ: 

لە سنورەکانی مەریوانی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕ و پێکدادان روویدا و لە ئەنجامی شەڕەکەش ئەفسەرێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوریی ئێران کوژرا.

عەلی ڕەزا مەرزبانی فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوریی پارێزگای سنە بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی راگەیاندووە، شەوی رابردوو لە ناوچەی سنورییەکانی "دەڕە نەخی" سەر بە شاری مەریوان، شەڕ و پێکدادن لە نێوان هێزەکانمان و گروپێکی چەکدار روویداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئەو شەڕە ئەفسەرێکی هێزەکانی پاسەوانی سنور بەناوی حسێن ناموەر برینداربووە و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە پاش دروستبوونی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە، ئەو گروپە چەکدارییە کەڵکیان لە تاریکی شەو و ناوچە شاخاوییەکان وەرگرتووە و بەرەو سنورەکانی هەرێمی کوردستان هەڵاتوون.

تاوەکو ئێستاش هیچ یەک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زانیارییان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ماوەی چەند هەفتەیەکە چالاکی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و چەند رۆژ پیش ئێستاش لە ناوچەی چنارەی مەریوان شەڕ و پێکدادان روویدا و دواتر سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەڕەوە دوو ئەندامی سوپای پاسداران و دوو چەکداری گروپی بەرامبەریش کوژراون.