ئێران.. 120 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

19/06/2020
کارمەندانی تەندروستی ئێران تەرمی کەسێک دەگوازنەوە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە
فۆتۆ: میدیای ئێران
ئێران

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 2615 تووشبووی نوێی کۆرۆنا لە ئێران تۆمارکراون و 120 کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.

د. سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا دوو هەزار و ٦١٥ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە سەرتاسەری وڵات تۆمارکراون کە لەو ژمارەیە تنها ٩٨٦ کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ١٢٠ کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران راشیگەیاند، تا ئێستاش دۆخی شەش پارێزگای سنە و خوزستان و هۆرمۆزگان و بوشەهر و ئازەربایەجانی رۆژئاوا و سیستان و بەلوچستان نائاساییە و لە دۆخێکی خراپی مەترسیداردان.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکوو ئەمڕۆ، ٢٠٠ هەزار ٢٦٢ کەس کە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیە نۆ هەزار و ٣٩٢ کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەک ١٥٩ هەزار و ١٩٢ نەخۆش بە تەواوەتی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.