لە ئەنجامی بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا سێ هاوڵاتی شەهید بوون

19/06/2020
بۆردومانکردنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک

سەرچاوەیەک لە ناحیەی شیلادزێ بە تۆڕی هەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ١٩ی٦ی٢٠٢٠، فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکیان لە سنوری ناحیەی شیلادزێ و قەزای ئامێدی بۆردومان کردووە .

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە دوو هاوڵاتی شەهیدبوون، کە ھەردووکیان گەنجن و تەمەنیان لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵدایە .

ئەوەشی خستەڕوو، هەر ئەمڕۆ تەرمی گەنجێکی کۆمەڵگای قەدش لە سنوری ناحیەی سەرسنگ دۆزراوەتەوە کە تەمەنی ٢٧ ساڵ بووە .

ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی دوو روژ بوو ئەو گەنجە بێسەروشوین بوو و ئەمڕۆ ئاشکرابووە کە بەر بۆردومانی تورکیا کەوتووە و شەھید بووە .

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان، تا کاتی ئامادەکردنی هەم هەواڵە فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە ئاسمانی قەزای ئامێدی-دا بە نزمی دەسوڕێنەوە و ئەوەش تڕس و دڵەڕاوکێی زۆری لای دانێشتوانی ئەو ناوچانە دروستکردووە .

مازن شنگالی - شیلادزێ