نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

05/05/2021
فۆتۆ: 

بەراورد بە دوێنێ سێشەممە، نرخی ئەمڕۆی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان تاڕادەیەک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی داتای بۆرسەکانی جیهان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی٥ی٢٠٢١، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بە ٦٩ دۆلار و ٤٤ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هاوکات نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە ٦٦ دۆلار و ٢٥ سەنت دیاریکراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ٤ی٥ی٢٠٢١دا، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت گەیشتە ٦٩ دۆلار و ٤ سەنت و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە ٦٥ دۆلار و ١٨ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

شیکەرەوانی دۆخی ئابوری ئاماژە بەوە دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەدا زیاتریش بەرزبێتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر بووە.

لەو چوارچێوەیەشدا چەند ویلایەتێکی ئەمریکا لە ئامادەکاریدان بۆ کەمکردنەوە و سوککردنی کۆتوبەندەکان، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە سەپێنراون، یەکێتی ئەوروپاش لە ئامادەکاریدایە بۆ پێشوازیکردن لەو گەشتیارە بیانیانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە.

بەرزبونەوەی نرخی نەوت کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بەوپێیەی زۆرینەی داهاتیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.