دەوڵەتی بێ ڕۆح!

05/05/2021
فۆتۆ: 

"عێراق" وەك نموونە

ئیبراهیم سادق مەلازادە

دوای ئەوەی تورکە لاوەکان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا، کەوتنە بەرزکردنەوەی تۆرانیزم و بەسەنتەرکردنی تورك، عەرەبەکانیش بەر لە گەلانی دی، کەوتنە هەڵپەی خۆ بەسەنتەرکردن لەژێر دروشمی قەومییەی عەرەبی و خۆجیاکردنەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی عەرەبی .

لەوێدا دەوڵەت ئامانج بوو، وەکو قالبێك بۆ پاراستنی عەرەبایەتی (عروبە). بۆیە بێ سڵەمینەوە کەوتنە چوارچێوەی ستراتیژییەتی کۆلۆنیالیزم و لەڕێی ئەوانەوە دەستیان بە تەقاندنی یەکەم گوللـە کرد لەدژی عوسمانییە موسوڵمانەکانی دوێنێ و تورکە موسوڵمانەکانی ئەمڕۆ .

سەرکردەکانیشیان کەوتنە پاساوهێنانەوە بۆ شەرعیەتدان بە خۆجیاکردنەوە و مۆبیلیزەکردنی دین لەو پێناوەدا. دین لە دژی دین، عەرەب لە دژی تورك، بێ ئەوەی بۆ یەك ساتیش بیر لەوە بکەنەوە کە خەلافەت دەڕوخێت و لەدژی تورکە موسوڵمانەکان، لەگەڵ ئینگلیزە ناموسوڵمانە کۆلۆنیالیستەکان کەوتنە جەنگ .

عەرەبە سوننەکان، بە لەشکرێك لە ئەفسەرە بە ڕەگەز عەرەب و بە کولتور عوسمانی و لەبیرکردنەوەی سەربازیی وابەستە بە ئەفسەرە ئەڵمانەکان، گەڕانەوە عێراق بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێك، لەلایەك وەکو پاداشتێك بۆ ئەمیرەکانی حیجاز، لەبەرامبەر بەشداریکردنییان لە جەنگی ڕۆژئاوا لەدژی عوسمانییە تورکەکان، لەلایەکیش وەکو ئامانجێك بۆ قەوارەیەکی عەرەبی .

سوننە عەرەبەکان، هەرزوو کەوتنە پەراوێزخستنی هەموو ئەوانەی دوو مەرجیان تێدا نەبوو، ئەویش عەرەبیزم و سوننیزم وەکو دوو ڕووی یەك دراو .

سوننە عەرەبەکان هەر زوو دەوڵەتییان کردە ئامراز و لەجیاتی نەتەوەیەك دروست بکەن، لەئاکامدا دەوڵەتێکیان دروست کرد بێ نەتەوە. دەوڵەتێکییان دروست کرد بەناوی عێراق و نەك هەر کردییان بە دۆزەخ بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی دەرەوەی عەرەبۆسوننەکان، بەڵکو لەئاکامدا بوو بە ئاشی تاواندنەوەی خودی عەرەبۆسوننەکان .

وەهمی دەوڵەت، بەتەنها بەس نیە بۆ بەدەستهێنانی سەروەری. سەروەری بەبێ بەخشینی سەروەری بە مرۆڤەکانی ئەو دەولەتە، سەروەریی دەولەت بەدەست نایەت. سەروەری چەمکێكی هەمەلایەنەیە و ناکرێت وا بە وشکی بکرێت بە دروشمێکی بێ رۆح، چونکە بەردەوامی نابێت، چونکە هەیبەتی نابێت، چونکە جەستەیەك دەبێت بەبێ رۆح .

ئاخر جەستە وەهایە. ئەگەر رۆحی ناو هەر جەستەیەك وشیار نەبێت، جەستەی ئەو رۆحە هەمیشە تێكشکاو و بەزیو و ترسنۆك و قرغن دەمێنێتەوە. شاعیرێكی عەرەب لەو ڕووەوە دەڵێت :

"ئەگەر روحەکان بەرز و وشیار بن، جەستە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو رۆحە هەمیشە ماندووە". بەڵام ماندووبوون بەمانای شەکەتی نا، بەڵکو بەمانای بەردەوامیی کارکردن و نەوەستان و کۆڵنەدان .

چارەنوسی عەرەبۆسوننەکان، بەهۆی ئەو ئەقڵیەتە ناهاوسەنگەی کە گرتییانە بەر، نەك هەر دەوڵەتەکەشییان لەدەست دا، بەڵکو خۆشیان هەپڕوون بە هەپڕون بوون و مەگەر موعجیزەیەك ڕووبدات، ئەگینا لەو عێراقەی کە بۆهەمووان کردییان بە دۆزەخ، ئێستا بۆخۆیان بە ئاگرەکەی دەسوتێن و هەرگیز خۆیان بۆ کۆناکرێتەوە .

پێشینان گوتوویانە "هەژار، هەژاریی گیرفان نیە، بەڵکو هەژاریی ئەقڵە ".

ئایا دەکرێت سوود لەو مێژووە وەربگیرێت؟!