چین: ئاستی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوان پەکین و بەغدا 30 ملیار دۆلاری تێپەراندووە

05/05/2021
فۆتۆ: 

باڵیۆزخانەی چین لە بەغدا ئاشکرایکرد، ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق بەم نزیکانە کارا دەکرێن و بەشێک لە کێشە هونەرییەکانی ڕێککەوتنەکان چارەسەرکراون.

شۆ چۆن ڕاوێژکاری بازرگانی چین لە عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هاوبەشدا کە لەگەڵ جیان ڤانجینگ جێگری باڵیۆزی چین لەبەغدا سازیکردبوو، باسی لە دەستکەوت و کارەکانی حکومەتی وڵاتەکەی کرد لە عێراق، لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانەی نێوان هەردوو وڵات ٣٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

ڕاوێژکاری بازرگانی چین ڕوونیکردەوە، لە ساڵی ٢٠١٩دا قەبارەی ئاڵۆگۆڕی بازرکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ٣٣ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا هاتووەتە خوارەوە بۆ ٣٠ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.

جەختیشیکردەوە لە ئیستادا پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ عێراقدا هەیە، بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەکی گرنگ، لە بواری خوێندنگە و کارەبا و ڕاکێشانی ئاوی خواردنەوە و فڕۆکەخانەکان و بنیاتنانی وێستگەی کارەبا.

ڕاوێژکاری بازرگانی چین هۆکاری کەمبوونەوەی ئاستی بازرگانییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق گێڕایەوە بۆ نزمبوونەوەی نرخی نەوت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرباری کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا، بەڵام تا ئێستاش چین بە گەورەترین کرێاری نەوتی خاوی عێراق دادەنرێت.

لە کۆتایی وتەکانیدا ڕاوێژکاری ئابوری چین لە عێراق دووپاتیکردەوە، دامەزراوەی شانچۆی چین لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و بانکی ناوەندیی، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هونەرییەکان، بەڵام لە نزیکترین دەرفەتدا ڕێککەوتنەکانی نێوان پەکین و بەغدا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

جێی ئاماژەی پێکردنە، لە سەردەمی کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی عەبدولمەهدی سەردانی پەکینی کرد، لەو سەردانەدا عێراق ژمارەیەک ڕێککەوتنی بازرگانی و ئابوری زەبەلاحی لەگەڵ چین ئیمزا کرد.