هەواڵگری عێراق: ڕێگریمان لە بە قاچاغ هێنانی نزیکەی 600 سەر مەڕ گرت

05/05/2021
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەرایەتی دەزگای هەواڵگری عێراق ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ چوارشەممە توانیویانە رێگری بکەن لە بە قاچاغبردنی ٥٩٢ سەر مەڕ لە پارێزگای نەینەوا.

بەڕێوەبەرایەتی دەزگای هەواڵگری لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەیی هەوڵەکان بۆ سنوردارکردنی چەتەکانی تاوانی ڕێکخراو و دانانی سنورێک بە پرۆسەی قاچاغی، کە زیانی گەورە بە ئابوری وڵات و سامانی نیشتیمانی دەگەیەنێت، مەفرەزەیەکی دەزگای هەواڵگری سەربازیی توانیان ڕێگری بکەن لە بە قاچاغ بردنی ٥٩٢ سەر مەڕ.

لە بەیاننامەکەدا دەزگای هەواڵگری ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی بە قاچاغ بردنەکە لە دوا ساتەکانی شەودا بووە، قاچاغچییەکان ویستوویانە ئەو ڕانە مەڕە لە هەرێمی کوردستانەوە بە ئاراستەی قەزای مەخمور ببەن.

ئاشکرایشیکردووە، لە هەوڵەکەیاندا توانراوە قاچاغچییەکان و ئەو بارهەڵگرانەش دەستبەسەرا بگرن، کە ویستوویانە ڕانە مەڕەکەی پێ بگوێزنەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دەزگای هەواڵگری عێراق ئاماژەی بەوەکرد، سەرجەم ئەو قاچاغچییانە ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی یاسایی پێویستیان لەبەرامبەر بگیرێتە بەر و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.