لاهور شێخ جەنگی: داعش لە هەوڵی دەرکەوتن و خۆڕێکخستنەوەدایە

05/05/2021
فۆتۆ: 

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، ئاماژەی زۆر هەن کە ڕێکخراوی داعش لە هەوڵی دەرکەوتن و خۆڕێکخستنەوەدایە لە گۆڕەپانەکە، دوای ئەوەی هێرشەکانی لە عێراق بەرەو زیاتر چووە.

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەکردووە، ڕێکخراوی داعش بە تەواوی لەناو نەچووە و هێشتا چەند هەزارکەسێکیان لە عێراق هەیە، وەک لێپرسراوە خۆرئاواییەکانیش باسی دەکەن، ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە لە نێوان عێراق و سوریادا چالاکن بە زیاتر لە ١٠ هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت.

هاوسەرۆکی یەکێتی لەو چاوپێکەوتنەدا دوو دڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە تواناکانی ڕێکخراوەکە، کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەندام بۆخۆی پەیدا بکاتەوە.

لەوبارەیەوە لاهور شێخ جەنگی ئاشکرایکردووە، سی هەفتە لەمەوبەر ٣٨ ئەندامی ئەو ڕێکخراوە دەستگیر کراون، کە سەرجەمیان ئامادەبوون بۆ کارکردن لەگەڵ داعش و هەمووشیان کوردن، تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٢ ساڵاندایە.

لاهور شێخ جەنگی ڕوونیکردەوە، ئەو کەسانە لە ئان وساتی ئەنجامدانی هێرش بوون، بە تایبەت دوای ئەوەی تەقەمەنی و بۆمبیان بە دەستگەیشتووە، کە دیارە ئەوەش خۆی لە خۆیدا زەنگێکی ئاگادار کردنەوەیە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا لاهور شیخ جەنگی بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئاماژەی بەوەکردووە، دەکرێت چەکدارانی داعش لە ناوچە جیناکۆکەکان خاکی ناوچەکە بۆ چالاکییەکانی خۆیان بەکار بهێنن.

جەختیشیکردووەتەوە نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هەولێر و بەغدا، هۆکار بووە بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش و زیادبوونی هێز و چالاکییەکانی.

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا هاوسەرۆکی یەکێتی دوودڵی خۆشی نیشانداوە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لەو ڕووەوە ئاماژەی کردووە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١ کە بووە هۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و لە لایەن توندرەوەکانەوە سودی لێ بینرا.