عێراق: هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە هەیە بۆ پڕکردنەویە بۆشاییە ئەمنییەکان

05/05/2021
فۆتۆ: 

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی هەرێم (پێشمەرگە) کراوە، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ناوچەکانی نێوان هەردوولا.

یەحیا رەسوڵ وتەبیژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە چاودێری و ڕاوەدوونانی گروپە تیرۆریستییەکان و لە میانی ئۆپراسیۆنە ئەمنییەکاندا گورزی کاریگەرییان لێ وەشاندوون.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەکرد، سەبارەت بە بنکەی ئاسمانی بەلەد، بنکەیەکی عێراقیە و هیچ ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تیا نییە، هەموو ئەوانەی کاری تێدا دەکەن عێراقین، لە ئەندازیار و هونەری و تەنانە ئەندامانی پاسەوان و پاراستنی بنکەکەش.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کردنە ئامانجی بنکەکە هیچ سودێکی نییە، چونکە بنکەیەکی سەربازیی عیراقییە و هیچ ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی تیا نییە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا یەحیا رەسوڵ جەختیکردەوە، هێزە عێراقییەکان توانایان هەیە بۆ  بەرپەرچدانەوەی هەر کەسێک، کە بیەوێت هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان یان بنکە سەربازییە عێراقییەکان بکاتە ئامانج.

سەبارەت بە پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنمییەکان لە نێوان هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی و پێشمەرگە، وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هەماهەنگی هەیە لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی هەرێم، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی نێوان هێلی تەماس، کە کەوتووەتە نێوان هەردوولاوە.

جەختیشکردەوە لە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیشیان ئاماژەیان بەو بابەتە کردووە، چونکە تیرۆر دوژمنێکی هاوبەشە و جا بە ئاراستەی هەرێم بێت یان بە ئاراستەی هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی و هاوڵاتیان.