میسر بە توندی ئیدانەی دەستوەردانە سەربازیەکانی تورکیا و ئێرانی کرد لە هەرێمی کوردستاندا

19/06/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی دەرەوەی میسر بە توندی ئیدانەی دەستوەردانە سەربازییەکانی تورکیا و ئێرانی کرد لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستاندا.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی میسر ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، زنجیرە هێرش و کردەوە دوژمنکارەکان بۆسەر عێراقی دۆست درێژەیان هەیە، کە بە تەواوی پێچەوانەی پەیمانامە نێودەوڵەتییەکان و ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و هاوسێیەتییە.

لە بەیاننامەکەدا وەزارەتی دەرەوەی میسر بە توندی هەموو دەستوەردانێک ڕەتدەکاتەوە کە بکرێتە سەر هەردەوڵەتێکی عەرەبی دۆست، کە دەبێتە هۆی نائارامی و قوڵکردنەوەی ناکۆییەکان لە ناوچەکەدا.

داواشی لە هەموو لایەنەکان کردووە، ڕێز لە سەروەریی عێراق بگرن و تێکەڵی نەکەن بە ململانێ نێودەوڵەتییەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابروودا وەزارەتی دەرەوەی عێراق دوو باڵیۆزی تورکیا و جارێکیش باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشتکردووە و یاداشتی ناڕەزایی ڕادەستکردوون لەسەر ئەو هێرش و بۆرودمانانەی کە دەیکەنە سەر ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان، کە بووەتە بڵاوکردنەوەی ترس و  تۆقاندنی دانیشتوانی ناوچەکە و زیان گەیاندن بە ڕەزوباخەکانیان و مەترسی لەسەر ژیانیان.