ئەنجامی توێژینەوەیەک؛ پاش ورگرتنی دۆزی دووەمی ڤاکسین مرۆڤ پارێزراوتر دەبێت

06/05/2021
فۆتۆ: 

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەک کە وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ڤاکسینی فایزەر ئەنجامیداوە، لەشی مرۆڤ پاش وەرگرتنی دۆزی دووەمی ڤاکسینەکە پارێزراوتر دەبێت، بۆیە کوتانی دۆزی دووەمی ڤاکسینی فایزەر گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە.

بە مەبەستی زانینی ئەوەی کە چەند کەس لە هاوڵاتیانی ئیسرائیل پاش وەرگرتنی دۆزی یەکەمی ڤاکسینی فایزەر تووشی کۆرۆنای گۆڕاو بوون، وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل و کۆمپانیای بەرهەمێنەری ڤاکسینی بایۆنتیک – فایزەر توێژینەوەیەکی بەرفراوانیان لەو وڵاتە ئەنجامداوە.

لە ئەنجامی توێژینەوەکە دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی دۆزی یەکەمی ڤاکسینی فایزەر وەردەگرن،  یەک بۆ دوو هەفتە دوای کوتانی ڤاکسینەکە، مەترسی تووشبوونیان بە کۆرۆنا بەراورد بەو کەسانەی کە ڤاکسینەکەیان وەرنەگرتووە، بۆ ٦٠٪ کەمتر دەبێتەوە، هەروەک مەترسی خەواندنیان لەنەخۆشخانە بەهۆی کۆرۆناوە، بۆ ٨٠٪ کەمتر دەبێتەوە.

هەر بەپێی توێژینەوەکە، پاش وەرگرتنی دووەمین دۆزی ڤاکسینی فایزەر، سیستمی لەشی ئەو کەسانە بەرامبەر کۆرۆنا پارێزراوتر دەبێت، بەوپێیەی لانیکەم یەک هەفتە پاش کوتانی دووەمین دۆزی ڤاکسینەکە، مەترسی تووشبوونیان بە کۆرۆنا و خەواندنیان لە نەخۆشخانە، بەراورد بەو کەسانەی ڤاسینەکەیان وەرنەگرتووە، بۆ زیاتر لە ٩٥٪ کەمتر دەبێتەوە.

ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە ئاشکراشیانکردووە، تاوەکو ئێستا زانیاری ورد و دەقیقیان سەبارەت بەوەی کە کاریگەری ڤاکسینی فایزەر پاش وەرگرتنی یەکەم و دووەم دۆزی ڤاکسینەکە، تا چ ماوەیەک دەمێنێتەوە، لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەو پێیەی کۆرۆنای گۆڕاو لەو ناوچانەی کە دانیشتووانەکەی یەکەم دۆزیان وەرگرتووە، لە پەرەسەندندایە، دەریدەخات کە کاریگەری ڤاکسینی فایزەر پاش کوتانی دۆزی یەکەم، ماوە کورتە.

وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل و کۆمپانیای بایۆنتیک - فایزەر ئەم توێژینەوەیەیان لەسەر پێنج ملیۆن هاوڵاتی ئیسرائیل ئەنجامداوە کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن.

ئیسرائیل هاوڵاتییەکانی تەنها بە ڤاکسینی فایزەر دەکوتێت و پڕۆسەکەشی لە ١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١دا دەستپێکردووە، بەوپێیەش لەبواری لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر ڤاکسینی فایزەر، ئیسرائیل وەک نموونە و سیمبول لەقەڵەم دەدرێت.