بەشیر حەداد لە راگەیەندراوێكدا، لەبارەی هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان دەڵێت: بە توندنی ئیدانەی ئەو هێرش و پەلامارانەی سوپای توركیا بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان دەكەین و دوپاتی دەكەینەوە ئەوە پێشێل كردنی سەروەری خاكی عێراقە و پێویستە لە سەر حكومەتی فیدراڵ بەزووترین كات داوا لە دەوڵەتی توركیا بكات ئەو هێرشانە رابگرێت، تاوەكو لەوە زیاتر هاوڵاتیانی بێ تاوان نەبنە قوربانی.
ناوبراو داوا لە هەریەكە لە دەوڵەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستانیش دەكات، كێشەكانیان لە رێگەی گفتوگۆ و لەسەر مێزی دانوستاندن چارەسەر بكەن.
ئەوەشیوتووە، خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق گوڕەپانی چالاكی و پێكدادانی نێوان ئەو دوو هێزە نییە و ئەزموونی ساڵانی رابردووش سەلماندوویەتی هیچ كام لە دوو هێزە ناتوانن بە شەڕ ئەوەی دەیانەوێت بە دەستی بهێنن.
ئەو راگەیەندراوەی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دوای ئەوەهات كە دوێنێ لە ئەنجامی هێرشەكانی توركیا پێنج هاوڵاتی شیلادزێ شەهیدبوون.