ئارام ڕهشید "ڕێگاكانی گهڕانهوه بۆ ماڵهوه" بڵاودهكاتهوه
وهرگێڕی دیار و به ئهزموونی كورد (ئارام ڕهشید)، پاش وهرگێڕانی ڕۆمانی "ترس له مهرگ"ی نووسهری جیهانی "ستیڤ تۆڵتز" و چاپ و بڵاوكردنهوهی، بهم نزیكانه كتێبێكی ناوازهی دیكه دهخاته بهر دیدی خوێنهران، كه ئهویش ڕۆمانی "ڕێگاكانی گهڕانهوه بۆ ماڵ"ی نووسهری دیاری ئهمریكای لاتین "ئهلیخاندرۆ زامبرا"یه .
لهبارهی ناوهڕۆكی كتێبهكهوه، ئارام ڕهشید وهرگێڕی رۆمانهكه، به ( )ی وت "ڕێگاكانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە چوار بەش پێك هاتووە، ئهوانیش (كەسایەتییە لاوەكییەكان، ئەدەبیاتی دایك و باوكان، ئەدەبیاتی منداڵەكان، ئێمە سەلامەتین). چیرۆكەكە لە شەوی بوومەلەرزەكەی 3/3/1985ی سانتیاگۆی پایتەختی چیللییەوە دەست پێدەكات و لە بوومەلەرزەكەی 27/2/2010ی سانتیاگۆ كۆتایی دێت، كە لەم نێوانەدا باس لە سەردەمی كودەتای ژەنەراڵ ئاگۆستۆ پینۆشە دەكات بەسەر دەسەڵاتی سلڤادۆر ئالیندێ و هەروەها سەردەمی دەسەڵاتی خودی پینۆشەش، كە بە دروشمی (بنیاتنانەوەی چیللی) بەسەر ئالێندی دا كودەتای كرد، بەڵام دەرەنجام ئەویش وەكوو دیكتاتۆرێك درێژەی بە دەسەڵاتەكانی خۆی دا ".
ئهو وهرگێڕه به ئهزموونهی كورد، ئاماژهی بهوهشدا "ڕۆمانی (ڕێگاكانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە) دەربارەی ژیان، عەشق، تەنیایی، سیاسەت، ڕابردوو، ئێستا و تەنانەت ئایندەشە، ڕۆمانەكە ڕەنگ و بۆی ئەمریكای لاتینی پێوەیە و بەس؛ سادە و بێ هیچ گرێ و گۆڵ و جوانكارییەك ".
ئارام ڕهشید، دهشڵێت "بەرهەمی نووسەرانێكی وەكوو ئەلێخاندرۆ زامبرا جەخت لەو ڕاستییە دەكەنەوە كە ئەدەبیاتی ئەمەریكای لاتین ئەدەبیاتێكە پایەدار و زیندوو. ئەگەر ئەم ئەدەبیاتە لە نیوقەڕنی ڕابردوودا لە ئاستی جیهانییدا بەردەوام جێی سەرنج بووبێت، تەنیا بەهۆی نووسەرانێكی گەورەی وەكوو بۆرخیس و ماركیز و كۆرتازار و یۆسا و فۆینتس و... نەبووە -كە تەنیا لەوانیشدا كورت نابێتەوە- بەڵكوو بەهۆی ئەو پرۆسێسە بەردەوامەوە بووە كە لە نەوەكانی دواتریشدا درێژەی پێ دراوە، تەنانەت ئەگەر غوولەكانیشی یەك بە دوای یەكدا ماڵئاوایی لە ژیان بكەن -كە كردوویانە- نووسەرانێكی لاو دێن و -كە هاتوون- ئەدەبیات بە تامی ڕۆژگاری خۆیان درێژە پێ دەدەن. نووسەرانێك كە دەزانن چۆن مەسەلەكانی پەیوەست بە كۆمەڵگەكەیان لەناو ئەدەبیاتدا، بە تام و بۆی سەرزەمینەكانیان بگێڕنەوە و پێشكەشی خوێنەرانی سەرانسەری جیهانی بكەن ".
ئارام ڕەشید کتێبەکان لە زمانی فارسییەوە وەردەگێڕێتەسەر زمانی کوردیی و تاوەکو ئێستا وەرگێڕانی بۆ هەریەک لە ڕۆمانەکانی (کۆلارەباز، بەردی سەبووری، منداڵی پێنجەم، ڕێگا، بازاڕیی، کافکا لە کەنار دەریا، ترس له مهرگ) کردووە و چاپ و بڵاویکردونەتەوە .
ئهم ڕۆمانه له دووتوێی 200 لاپهڕهدا لە لایەن دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان چاپ و بڵاو دەكرێتەوە و له چهند رۆژی ئایندهدا دهكهوێته بهر دیدی خوێنهران .
ئەدەبیاتی ئەمەریكای لاتین ئەدەبیاتێكە پایەدار و زیندوو؛
ئەلێخاندرۆ زامبرا لە ساڵی 1975 لە شاری سانتیاگۆی وڵاتی چیللی لەدایك بووە. پێش تەمەنی چل ساڵیی یەكێك بووە لە ئەندامانی گرووپی "بۆگۆتا 39" كە بە باشترین نووسەرە لاوەكانی ئەدەبیاتی ئەمەریكای لاتین دادەنرێن. زامبرا بۆ ڕۆمانی "ڕێگاكانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە" خەڵاتی باشترین ڕۆمانی ساڵی چیللی بۆ ساڵی 2012، خەڵاتی ئەڵتازۆر و خەڵاتی ئەدەبیاتی ساوپاولۆ و خەڵاتی پێنی ئینگلیزی پێ بەخشراوە و ئەمێستاش یەكێكە لە بەناوبانگترین نووسەرە ئیسپانی زمانەكان لە جیهاندا .
لە كتێبەكەوە :
هەروەكوو كلۆدیا دەیویست لە ماڵی دایك و باوكم دەمێنینەوە. كاتژمێر دووی نیوەشەو هەڵدەستم قاوە دروست بكەم. دەبینم دایكم لە ژووری دانیشتن ماتە دەخواتەوە. خوڵكی منیش دەكات، دەست نانێم بەڕوویەوە. بیر لەوە دەكەمەوە تا ئێستا تەنانەت یەكجاریش لەگەڵ ئەو ماتەم نەخواردووەتەوە. حەزم لە شیرینییەكەی نییە، بەڵام بەتووندی قووم لە قەسەبەكە دەدەم. زارم نەختێك دەكزێتەوە .
دایكم دەڵێت: "لێی دەترسام ."
"لە كێ؟ "
"ڕیكاردۆ... ڕودۆلفۆ ..."
"ڕۆبەرۆتۆ ."
"ئا، ڕۆبەرتۆ. دڵنیابووم كاری سیاسی دەكات ."
"دایكە هەمووان كاری سیاسیان دەكرد. ئێوەش دەتانكرد، هەردووكتان. ئێوە بەبێلایەنییتان پاڵپشتی دیكتاتۆریەت بوون." هەست دەكەم لەسەر زارم زرنگانەوەیەك، چاڵگەلێك، هەن. هەست دەكەم بەپێی بنەمای دەستوورێكی ڕەفتاریی قسە دەكەم .
"ئێمە، من و باوكت، هەرگیز نە لایەنگری ئالێندی و پینۆشە بووین، نە دژیان بووین ."
"بۆچی لە ڕۆبەرتۆ دەترسایت؟ "
"نازانم، ڕەنگە ترسیش نەبووبێت، بەڵام ئێستا خۆت دەڵێیت تیرۆریست بووە ."
"تیرۆریست نەبوو. كەسانێكی لە ماڵەكەی حەشار دەدا، یارمەتی ئەو كەسانەی دەدا كە هەڕەشەیان لەسەر بوو. یاخود كۆمەكی بە ئاڵوگۆڕی زانیارییەكان دەكرد ."
"بە بۆچوونی تۆ ئەم كارانە گرنگ نین؟ "
"بە بۆچوونی من كەمترین كارە كە دەیتوانی بیانكات ."
"ئەوانەی حەشاری دەدان تیرۆریست بوون. بۆمبیان دادەنا. پیلانی هێرشیان دادەڕشت. هەر ئەمە بۆ ترساندنی مرۆڤ بەسە ."
: "باشە دایكە، بەڵام خۆ دیكتاتۆریەت هەر وا بەهەوانتە ناكەوێت. پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەیە ."
"تۆ چی لەم باسانە دەزانیت؟ كاتێك ئالێندی سەرۆككۆمار بوو تۆ هێشتا لەدایك نەبووبوویت. خۆ ئەو ساڵانەی تریش شیرەخۆرە بوویت."
|