کۆمسیۆن: ژووری عەمەلیات پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کاندیدەکانی هەڵبژاردن

08/05/2021
فۆتۆ: 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ژورێکی عەمەلیاتی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کاندیدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا.

جومانە غلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا ٤٤ هاوپەیمانێتی  پەسەند کراوە، ٢٦٧ حزبش بڕوانامەی دامەزراندنیان هەیە، ئەوە جگە لەوەی ژمارەی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنەکە گەیشتووەتە ٣٥٠٠ کەس، لەو ژمارەیەش ٨٨٧ کەسیان سەربەخۆن و ٩٠٠ کاندیدی ژنیش هەن بۆ دڵنیایی لە مافی کۆتا لە بازنەکانی هەڵبژاردن.

غلای ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا نوسینگەی نیشتیمانی کۆمسیۆن لە بەشی کاروباری کاندیدەکان، پرۆسەی وردبینی دەستپێکردووە، بە مەبەستی وردبینیکردنی دۆسیەی کاندیدەکان و دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکانیان و تۆمارکردنیان.

وتەبێژی کۆمسیۆن ڕوونیکردەوە، دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی وردبینیکردن، ناوەکانیان ڕەوانە دەکرێت بۆ لایەنی پەیوەندیدار، بە تایبەت بەڕێوەبەرایەتی لێپرسینەوە و دادپەروەریی و نەزاهە و بەڵگەی تاوان و وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، پاشان ژورێکی عەمالیان پێکدەهێنرێت، بۆ کارئاسانی ئەرکی وردبنیکردنی کۆتایی لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتەبێژی کۆمسیۆن ئاشکرایکرد، ئەو ژمارە و سەرژمێرییانە ژمارەی کۆتایی نابن، بەڵکو لیستی کۆتایی کاندیدەکان ئەو کاتە یەکلایی دەبێتەوە، کە وەلامی ئەو دامەزراوانە دەگەڕێتەوە و ئەنجومەنی کۆمیسیاران رەزامەی دەردەبڕێت لەسەر ناو و ژمارەی کاندیدەکان.

جەختیشیکردەوە، کۆمسیۆن لە ئامادەکاریدایە بۆ تاوتوێکردنی ڕێوشوێنێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کاندیدەکاتن، بۆ ئەوەی هەریەکەیان ژمارەیەکی تایبەت بە خۆی بدرێتی دوای پەسەندکردنیان.

وتەبێژی کۆمسیۆن روونیشیکردەوە، ڕێگە دراوە بە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو، بە گوێرەی فۆڕمی خۆراک، ناوی خۆیان و خێزانەکانیان بگوێزنەوە بۆ ئەو بازنەییەی کە خۆیان لی کاندید کردووە، بەشێوەیەک هەموو کاندیدێک مافی خۆ گواستنەوەی هەیە لە هەر بازنەیەکەوە بێت بۆ ئەو بازنەیەی کە مەبەستیەتی، ئەویش بە مەبەستی دڵنیایی لە دەنگدانی خۆیان و خێزانەکانیان.

سەبارەت بە کارەکانی کۆمسیۆنیش جومانە غلای ئاشکرایکرد، کۆمسیۆن لە ئێستادا لە قۆناغی ئامادەکاری دەنگداندایە، بۆ ئەو مەبەستەش توێژینەوەیەک ئامادە کراوە، بۆ تاوتوێکردنی چۆنێتی هەڵبژاردنی کارمەندی دەنگدان و کارەکانیش دراوەتە دەستی لیژنەیەک.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات لەگەڵ ئەو ئامادەکاریانەدا، پرۆسەی دەنگادانیش هەیە، بۆ ئەوەی کەشێکی هاوشێوەی ڕۆژی دەنگدان دروستبکرێت و دڵنیایی بدرێت لە پاک و بێگەردی هەڵبژاردنەکان و سەمەلاتی وردەکاری ئامێرە ئەلکترۆنییەکان، کە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە دا بەکار دەهێنرێت.

پڕۆسەکەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمپانیای (میرۆ)ی کۆریای باشور و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ سیستمی هەڵبژاردن و چاودێرانی نێودەوڵەتی چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن، بۆ ئەوەیە پرۆسەی بەڕێوەچوونی دەنگدانەکە بزانرێت چۆن بەڕێوە دەچێت و ئاستی سەرکەوتنی تا چەندێکە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە لە رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێ لە وڵاتدا.