زیاتر لە 2700 زیندانی لە ئەمریکا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

08/05/2021
فۆتۆ: 

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا تەنگی بە زیندانیانی ئەو وڵاتە هەڵچنیووە و لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٧٠٠ کەس لە زیندانیان گیانیان لەدەستداوە.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، گیانلەدەستدانەکان پرسیاری زۆری دروستکردووە، سەبارەت بە شێوازی مامەلەکردن و وەڵامدانەوەی سیستمی دادوەریی ئەمریکا، بۆ پاراستنی زیندانییەکان و جیاکردنەوەی تووشبووان بە کۆرۆنا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە پەتای کۆرۆنا کاریگەرییەکی وێرانکاری کردووەتە سەر سیستمی دادوەریی تاوانکاری لە ئەمریکا، بەشیوەیەک بە دەیان هەزار وادەی دادگاییکردن هەڵوەشێنراوەتەوە و هەندێک زیندانیش بە کەفالەتی مەرجدار بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی کۆرۆناوە، بەشێکی زۆری خێزانەکان کارەکانیان لە دەستداوە و بەو هۆیەشەوە ناتوانن پارەی کەفالەتی ئازادکردنی کەسوکارەکانیان لە ئەستۆ بگرن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی زیندانییەکان و کەمکردنەویە قەرەباڵغی گرتووخانەکان لەو دۆخەکە، ژمارەیەک لە زیندانییەکانیان ئازاد کردووە، بەڵاک بەشێکی زۆری ویلایەتەکانی ئەمریکا دژی ئەو داوای ئازادکردنانە بوون، بەو هۆیەشەوە کۆرۆنا بەشێوەیەکی خێرا لەناو زیندانەکاندا تەشەنەی کردووە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سیستمی زیندانی لەسەرانسەری ئەمریکا بەهۆی زیادبوونی تووشبوانی کۆرۆنا لە ناو زیندانیاندا، زیانی گەورەی بەرکەوتووە بەشێوەیەک هەندێک زیندان بە تەواوی چۆڵکراوە و گوێزراونەتەوە بۆ شوێنی دیکە و لە هەندێک شوێنیش زیندانەکان بەشێوەیەک قەرەباڵغ بوون، مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتاکە و نەخۆشی دیکەشیان لێ دەکرێت.