موشەكە چینییەكە كەوتە خوارەوە

09/05/2021
فۆتۆ: 

موشەكە چینییەكە لە زەریای هیندی كەوتە خوارەوە، میدیاکانى ئەو وڵاتەش دەڵێن: زۆرینەی پێكهاتەكانی مۆشەکەکە لەگەڵ چوونە ناو بەرگەهەوای زەوی، لەناوچوون.



نوسینگەی ئەندازیاریی بۆشایی ئاسمانی چین بڵاویکردەوە، موشەکە چینییەکە پاش ئەوەی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوە چوەتە نێو بەرگەهەوای زەوییەوە بەشێکی زۆری لەنێوچوە و پاشماوەکەیشی لە زەریای هیندی لەنزیک ماڵدیڤ کەوتوەتە خوارەوە.

بەپێى زانیارى سەرچاوەکە، پاشماوەی موشەكەكە لە كاتژمێر 05:24 بەكاتی هەرێمی كوردستان، چووەتە بەرگەهەواوە و لە ناوچەی هێڵی درێژیی 72.47 پلەی ڕۆژهەڵات و هێڵی پانیی 2.65ی باكوور كەوتووەتە خوارەوە.
میدیاکانى چین دەڵێن: شوێنی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكە دەكەوێتە زەریای هندی لە باشووری ڕۆژئاوای هندستان و سریلانكا.
ئەوەش ئاشکراکراوە کە، زۆرینەی بەشەكانی لەگەڵ چوونە ناو بەرگەهەواوە سوتاوە.

کەشتیی ئاسمانیی (Long March 5B) رۆژی 29ی نیسان لە دورگەی "هاینان"ـی چینەوە بەرەو ئاسمان هەڵدرا بۆ ئەوەی کەرەستەی دروستکردنی بنکەیەکی ئاسمانیی چینی بۆ خولگەی زەوی بگوازێتەوە. 
دەرچوونی موشەكەكە لە كۆنتڕۆڵ بۆ چەند ڕۆژێك جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردبوو لەبارەی شوێنی كەوتنە خوارەوەی لەسەر زەوی، پێشتر وەك پێشبینیی شوێنی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكە” باس لە باكووری سودان و ژمارەیەك وڵاتی دیكەی عەرەبی دەكرا، بەڵام دواجار وادەرنەچوو.
رۆژی هەینی، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، زۆربەی ئەو پارچانەی کە لە کەشتییە ئاسمانییەکانی بەربونەتەوە، دوای بڕینی بەرگەهەوای زەوی، گڕدەگرن و دەسوتێن و چاوەڕێ ناکرێت هیچ زیانێکیان لێ بکەوێتەوە. 
ساڵی ڕابردوو هەندێك بەشی یەكەم موشەكی (لۆنگ مارش 5 بی) لە وڵاتی كۆتدیڤوار لە كیشوەری ئەفریقا كەوتەخوارەوە و زیانی بە هەندێك باڵەخانە گەیاند، بەڵام هیچ زیانێكی گیانیی لێنەكەوتەوە.