ئەمریکا: بەقوڵی نیگەرانی دۆخی قودس و دەرکردنی خێزانە فەڵەستینییەکانین

10/05/2021
جاک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ

ئەمریکا لەسەر ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی فەڵەستین و دۆخی قودس هاتەدەنگ و نیگەرانی قوڵی خۆی بەرامبەر دۆخەکە دەربڕی، داواش لە ئیسرائیل دەکات ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئارامی لەکاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی ڕۆژی قودس.

کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، جاک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەو وڵاتە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتە ئیسرائیلییەکەی مائیر بن شەبات، لەبارەی گرژییەکانی ئەم دواییەی قودس گفتوگۆی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، جاک سولیڤان جەختی لە نیگەرانی قوڵی ئەمریکا کردووەتەوە لەو ڕووداوانەی کە لە ماوەی مانگی ڕەمەزان لە قودس ڕوودەدەن، بەتایبەت دەرکردنی خێزانە فەڵەستینییەکان لە گەڕەکی شێخ جەڕاح.  

هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە هێرشی موشەکی و ئەو  باڵۆنە  گڕدارانەی کە لە کەرتی غەزەوە بەرەو ئیسرائیل دەتەقێندرێن، جێگەی قبوڵ کردن نین و دەبێت ڕێگەی لێبگرێت.  

هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا داواشی لە حکومەتی ئیسرائیل کردووە، رێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئارامی لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی ڕۆژی  قودس.

چەند رۆژ پێش ئێستا و پاش ئەوەی دەیان هەزار فەڵەستینی بەهۆی دوایین هەینی ڕەمەزان، چوونە مزگەوتی ئەقسا بۆ نوێژکردن، بەشێک لە فەڵەستینییەکان دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، دژی ڕاگواستنی زۆرەملێ و کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین و دواتر خۆپیشاندانەکە گرژی لێکەوتەوە و تاوەکو ئێستاش گرژییەکان بەردەوامن.  

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٧ خۆپیشاندەر برینداربوون.