دژی بۆردومانەکانی تورکیا خۆپیشاندانی بەشێک لە دانیشتووانی شیلادزێ دەستیپێکرد

20/06/2020
خۆپیشاندانی بەشێک لە دانیشتووانی ناحیەی شیلادزێ دژی هێرش و بۆردومانەکانی سوپا تورکیا
فۆتۆ: مازن شنگالی
شیلادزێ

خۆپیشاندانی بەشێک لە دانیشتووانی ناحیەی شیلادزێ دژی هێرش و بۆردومانەکانی سوپا تورکیا بۆسەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان و شەهیدبوونی چەند هاوڵاتییەک، دەستیپێکرد .

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیک لە هاوڵاتیانی ناحیەی شیلادزێی سەر بەقەزای ئامێدی، دژی هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان و شەهیدبوونی چەند هاوڵاتیەکی دەڤەرەکە لە ئەنجامی بۆردومانەکانی چەند رۆژی رابردووی تورکیا، گردبوونەتەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕیوە .

سەرچاوەیەک لەناو خۆپیشاندانەکە بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، خۆپێشاندەران ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا دەکەن و داوای چۆڵکردنی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن .

ئاماژەی بەوەشکرد، تادێت ژمارەی خۆپیشاندەران زیاتر دەبێت، لە هەمانکاتدا هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی شیلادزێ تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو زانیاریانەی پێمانگەیشتووە، بەمەبەستی رێگەگرتن لە فراوانبوونی گردبوونەوەکە، هێزێکی زۆری ئاسایش لە دهۆکەوە بەرەو ناحیەی شیلادزێ بەڕێکەوتووە .

خۆپێشاندانەکە لەکاتێکدایە، ماوەی سێ ڕۆژە ناوچە شاخاوییەکانی ناحیەی شیلادزێ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان و تۆپباران دەکرێن، بەو هۆیەشەوە چوار هاوڵاتی ناحیەکە شەهیدبوون و ژمارەیەکی تریش تا ئێستا بێسەروشوێنن، کە گومان دەکرێت ئەوانیش شەهیدکرابن .

مازن شنگالی - شیلادزێ