میدیای ئیسرائیل تایبەتمەندی ئەو موشەکانەی ئاشکرا کرد کە لە غەزەوە ئاراستە کراون
ماڵپەری (دەپکا)ی ئیسرائیل تایبەت بە شیکردنەوە سیاسی و سەربازییەکان تایبەتمەندی ئەو موشەکانەی بڵاوکردەوە، کە ماوەی دوو ڕۆژ بزوتنەوەی حەماس لە دژی ئیسرائیل بەکاریان دەهێنێت.
بە گوێرەی ماڵپەڕەکە موشەکەکە ناوی (بەدر٣)یە و دروستکراوی ئێران، بۆ یەکەم جار لە گۆڕەپانی شەڕی یەمەن دەرکەوت و بەکارهێنراوە لە لایەن گروپی ئەنساروڵای حوسییەکانی یەمەنەوە.
لە دوای ئەوانیش بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە کەرتی غەزەوە دووەم لایەنە ئەو موشەکە بەکارهێنا لە ڕۆژی ٥ حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٩دا.
موشەکی بەدر٣ کڵاوەیەکی تەقەمەنی هەڵگرتووە بە قورسایی ٢٥٠ کلیۆگرام و توانای هەیە بگاتە دووری ١٦٠ کلیۆمەتر.
یەکێک مەترسیە هەرە گەورەکانی موشەکەکە ئەوەیە، کە لە کاتی بەرکەوتنی ئامانجەکەی ناتەقێتەوە، بەڵکو بە بەرزی ٢٠ مەتر لەسەر ئامانجەکە دەتەقێتەوە و دەوروبەری خۆی بە تەواوی وێران دەکات.
ماڵپەڕە ئیسرائیلەکە ئاماژەی بەوەکردووە، سریەکانی قودس کە بە سەر بە بزوتنەوەی جیهانی ئیسلامین، گەشەی زیاتری بەو موشەکە داوە و لە ئێستادا توانای هەڵگرتنی کڵاوەیەکی تەقەمەنی گەورەتری هەیە بە قورسایی ٣٥٠ کلیۆگرام.
ئەو ماڵپەڕە ئیسرائیلە ئاشکرایکردووە موشەکەکە لە کاتی تەقینەوەیدا ١٤٠٠ پارچەی لێ دەبێتەوە و ئەو ناوچەیەی کە لەسەر دەتەقێتەوە زیانی گەورەی پێدەگات و لە توانایدایە خانوو و دامەزراوەکانی شوێنی تەقینەوەکە خاپور بکات.
|