بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل هەڕەشەی توندکردنەوەی هێرشەکان دەکەن لەدژی یەکتر

11/05/2021
فۆتۆ: 

دوای هۆشدارییەکەی بزوتنەوەی حەماس بۆ ئیسرائیل لە مەترسی بۆردومانکردنی یەکەکانی نیشتەجێکردن لە کەرتی غەزە، حەماس ١٣٠ موشەکی ئاراستەی شاری تەلئەبیبی ئیسرائیل کرد و بەهۆیەوە هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی کوژراوە و دوانی دیکەش بریندار بوون.

میدیاکان بڵاویانکردووە، ئێوارەی ئەمرۆ فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل یەکەیەکی نیشتەجێبوونی ١٣ نهۆمیان لە کەرتی غەزە بۆردومانکردووە و لەگەڵ زەوی تەختیکردووە، دوای ئەو روداوەش کەتیبەکانی قەسام سەر بە بزوتنەوەی حەماس بە موشەک بۆردومانی ئیسرائیلیان کرد.

بە گێرەی میدیای ئیسرائیل بەشێکی زۆری موشەکان بەرپەرچدراونەتەوە و ژمارەکیشیان لە شارەکانی عەشقەلان و ئەسدود و تەلئەبیب کەوتوونەتەوە.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە کەرتی غەزەوە ٤٨٠ موشەک ئاراستەی ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل کراوە، بەڵام توانراوە ٢٠٠ موشەکیان تێکبشکێنرێت.

لە بەرامبەرشدا فرۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی کەرتی غەزەیان بۆردومان کردووە، بەهۆیەوە ٢٨ فەلەستینی کوژراون، ١٠یان ژن و منداڵن.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتی ئەمنی ئیسرائیل جەختکرایەوە لە بەردەوامی هێرشەکان بۆسەر کەرتی غەزە.

لەلایەکی دیکەوە میدیاکان بڵاویانکردووەن هەڵێکی ناوبژیوانی میسر لە ئارادایە و بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی هەردوولا، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستادا بە جیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە.