ئورمیە.. بەهۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان سوپای پاسداران و هێزێکی کوردی کوژراو و بریندار هەیە

12/05/2021
فۆتۆ: 

رێکخراوی هەنگاو رایگەیاند، لە ئاکامی دروستبوونی گرژی لەنێوان سوپای پاسداران و هێزێکی کوردیدا لە سنوری ساری سەڵماسی سەر بە پارێزگای ئورمیە، سێ ئەندامی سوپای پاسداران کوژران و سێ ئەندامی هێزە کوردییەکەش گیانیان لەدەستداوە.

رێکخراوی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، "بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو میوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ١١ی ٥ی ٢٠٢١، لە سنورەکانی شاری سەڵماس سەر بە پاریزگای ئورمیە تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزێکی سپای پاسداران و حیزبێکی کوردستانی هاتووەتە ئاراوە کە لە ئەنجامی شەڕەکەدا ٣ ئەندامی سپای پاسداران کوژراون و ٣ ئەندامی هێزە کوردییەکەش کە گروپێکی ٤ کەسی بوون گیانیان لە دەست داوە و چارەنووسی یەکێکیشان نادیارە."

باسی لەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا ناسنامەی دوو کەس لە ئەندامانی سوپای پاسداران کە کوژراون ئاشکرا بووە، کە خەڵکی شاری سەڵماس بوون و ناویان (تەوحید مورادی و مێهدی خەلیلی) بووە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، پاش روودانی ئەو گرژییە، تۆپخانەکانی سوپای پاسداران بە چڕی دۆڵی ئەغلبووبیان (ئەو شوێنەی شەڕەکەی تێدابووە) تۆپباران کردووە .

لەو بارەیەشەوە، بنکەی حەمزەی سوپای پاسداران لە ئورمیە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و کوژرانی دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام لە راگەیاندراوەکەیاندا، ژمارەی ئەو هێزە کوردییەی بە حەوت کەس داناوە.

رێکخراوی هەنگاویش دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ کام لە حزبە کوردییەکان بەرپرسیارێتی شەڕەکەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.