وێنە.. ئاگردان لە دەوروبەری گۆمی فێڵاو دانران و گەشتوگوزاریش داوایەک لە هاوڵاتیان دەکات

12/05/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە چەند ئاگردانێکیان لە دەروبەری گۆمی فێڵاو داناوە و هاوکات، داوای پاراستن و پاکراگرتنی لە هاوڵاتیان دەکەن.

وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، "گەشتوگوزاری چۆمان بۆ پارێزگاریكردن و پاكڕاگرتنی "گۆمی فێڵاو"ی دەڤەری باڵەكایەتی، چەندین ئاگردانی لە دەوروبەری گۆمەكە داناوە و داواش لە گەشتیاران و هاوڵاتییانی دەڤەرەكە دەكات لە كاتی سەردانیكردنی شوێنەكەدا پێویستە رەچاوی پاكوخاوێنی شوێنەكە و دەوروبەری گۆمەكە بكەن و ئاگر لەسەر گژوگیای نزیك گۆمەكە نەكەنەوە . "

ئاماژە بەوەکراوە، ئەو کارەیان بۆ پارێزگاریكردن لە گۆمەکە و رێگەگرتن لە پیسكردنی سروشتی ئەو گۆمە کردووە.

گۆمێ فێڵاو، یەكێكە لە گۆمە جوان و سەرنجڕاكێشەكانی دەڤەری باڵەكایەتی كە دیمەنێكی جوانی بە سروشتی ناوچەكە بەخشیوە و ساڵانە لە هەموو وەرزەكاندا زۆرترین گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی روویتێدەکەن، ئەمەش وایكردووە سەرەڕای ئەوەی ئەو گۆمە لە دەڤەری باڵەكایەتیدا بووەتە هێمای جوانی سرووشت و كەرتی گەشتیاری، بۆ هەرێمی كوردستانیش تایبەتمەندی خۆی هەیە.