عەلی باپیر: لەم وڵاتەدا خەڵک هەیە 18 ساڵە زیندانیکراوە تاوەکو ئێستا دادگایی نەکراوە
عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانەوە، عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و دەڵێت: پێویستە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە، ئەوانەی کە حوکمڕانن لەم وڵاتەدا، هەرچی زیاتر بیربکەنەوە لە چەسپاندنی دادگەریی و هەرچی زیاتر بیربکەنەوە لە پاراستنی شکۆی سیاسیی هەرێم و حورمەت و شکۆی دامەزراوەکانی .
لە پەیامەکەی عەلی باپیردا هاتووە، پێویستە کاربەدەست و حوکمڕانانی ئەم وڵاتە، چی دیکە لە بورجی عاجییدا نەژین، چی دیکە تەنیا خزم و حیزب و دەوروبەری خۆیان نەبینن، با بچنە شوێنەکانی کە خەڵکی هەژار و نەداریان تێدان، با ئاگایان لە ژیانی کولە مەرگیی و مه‌ینه‌تباریی خەڵک بێت .
دەشڵێت: پێویستە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە، بەجیددیی بیربکەنەوە لە کۆتایی پێ هێنانی ستەمی بڕینی مووچە و قووتی خەڵک، ئەویش بەوە دەبێ جوامێرانه و ده‌ستبه‌جێ واز بهێندرێت لە گەندەڵیی و قاچاخچێتی، وازبهێندرێ لە تەخشان پەخشانکردنی پاره‌ی واریدات و بەرهەمی نێوخۆ، له‌سه‌ر بناغه‌ی سته‌م و كڕینی وه‌لای خه‌ڵكی هه‌لپه‌رست و بێ هه‌ڵوێست .
عه‌لی باپیر ئاماژەی بەوەشکردووە، شتێکی دیکە لەم وڵاتەی ئێمەدا زۆر زەقە، بریتیە لە هەبوونی ژمارەیەکی زۆر به‌ناو گیراوی ئه‌منیی و سیاسیی و مانەوەی زۆریان لە زیندانەکاندا، جارێ هەندێکیان هەر کە ئەسڵەن تا ئێستا دادگایی نەکراون، خەڵکم پێ شکدێ هەژدە ساڵە لە سجنەکانی ئەم وڵاتەدایە، هەژدە (18) ساڵە تاكوو ئێستا دادگایی نەکراوە .
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کێشەیەکی دیکە كه ئەم هەرێمەی ئێمە هەیەتی، بریتیە لە کێشەی سنوورەکان، کە هەر بەیناوبەین لە لایەنی تورکیاوە و، هەندێ جار لەلایەنی ئێرانەوە، سنوورەکان تۆپبباران و بۆمبا‌باران دەکرێن، پێویستە بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌وه هەوڵێکی گشتیی هەبێت، نەک هەوڵی حیزبیی .
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان راشیگەیاندووە، پێمخۆشبوو لەم بۆنەی جەژنەدا تەنیا باسی ئەو شتانە بکەم، کە هەموو لایەک دڵیان پێی موڕتاح و ئاسوودەبێت، بەڵام چی بکەین کە ئێمەی مسوڵمان بەداخەوە بارودۆخەکەمان وایە، نە ڕەمەزانەکەمان وەک له حاڵه‌تێكی ئاسایی‌دا به‌ڕێوه دەچێ، نە جەژنەکەمان وەک جەژنێكی ئاساییه، نە وڵاتەکەشمان وەک وڵاتانی خەڵک به‌ڕێوه دەچێ، کە یاسای تێدا سەروەر بێ و دامەزراوەکانی تێدا شکۆدار و بە حورمەتبن.
|