چارەسەرێکی ئاسان بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی مردن بە شێرپەنجە

20/06/2020
فۆتۆ: 

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، چارەسەرێکی نوێ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نەخۆشەکانی شیرپەنجەدا، ئەویش دانیشتنی کەم و ڕۆیشتنی زۆر.

توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری "GAMA " سەر بە کۆمەڵەی تەندروستی ئەمریکادا بڵاوکراوەتەوە و تایبەتە بە تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە، ئاماژە بەوە دەکات پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان زۆر دانیشتن و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە گرێ شێرپەنجەییەکان و ڕێژەی مردنیش بە نەخۆشییەکە.

لە توێژینەوەکەدا ٨ هەزار  کەس بەشداریان تێدا کردووە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٢ و دواتریش لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ چاودێری دۆخی تەندروستیان کراوەتەوە.

بەشداربووەکان هەموویان لە ناوەڕاستی تەمەن و گەورە بوون و لە چەندین ناوچەی جیاواز و لە ڕەگەزی جیاوازیش بوون.

توێژەرەوەکان بۆیان دەرکەوتووە، پەیوەندییەکی چالاک هەیە لە نێوان چالاکی جەستەیی و ژمارەی ئەو کەسانەی بە شێرپەنجە گیان لەدەست دەدەن، بەشێوەیەک هەموو ٣٠ خولەک دانیشتن و دواتر چەند چالاکییەکی جەستەیی بەسە بۆ ئەوەی مەترسی مردن بە شێرپەنجە بەڕێژەی لە ٨% کەمبکاتەوە.

ڕاهێنانەکانیش بریتی بوون لە ڕاهێنانی سوک و بە پێ ڕۆیشتن و ڕاهێنانی یۆگا و چالاکی باخداری سوک.

توێژەرەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هەفتانە ١٥٠ خولەک چالاکی جەستەیی و وەرزشکردن بەشێوەیەکی مامناوەند و خێرایی، چالاکییەکی بەهێز و نموونەییە بۆ خۆپاراستن لە دووچاربوون بە نەخۆشی شێرپەنجە.

توێژینەوەکە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆمەڵگەی ئەمریکادا پابەندبوون بەو ڕێنماییانەوە زۆر لاوازە و تەنها نزیکەی لە ٢٥%ی ئەمریکییەکان پێوەی پابەندن.