لە دوو ڕووداوی هاتووچۆدا نۆ کەس برینداربوون

13/05/2021
فۆتۆ: 



لە سلێمانی و ناحیەی حاجیاوای سەر بە قەزای رانییە، دوو رووداوی هاتووچۆ روویاندا و بەهۆیانەوە نۆ کەس برینداربوون.

بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا، لە کاتژمێر ۱۱:۱٠ خولەکی پێشنیوەڕۆ، لەسەر شەقامی سەرەکی راپەرین  بۆ تاسڵوجە، رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی تۆیۆتا کامری و کریسلەر روویداوە و بەهۆیەوە حەوت کەس برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هۆکاری رووداوەکە بۆ تیژڕەوی شۆفێری ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا کامرییەکە دەگەڕێتەوە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ لەناحیەی حاجیاوای سەربە قەزای ڕانیە لەنزیک گۆڕستانی حاجیاوا، ڕووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تۆیۆتا پیکاپ و ماتۆڕسکیلێک ڕوویدا و بەهۆیەوە سەرنشینانی ماتۆڕسکیلەکە کە دوو گەنج بوون، برینداربوون.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بریندارەکان ڕەوانەی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ڕانیە کراون و چارەسەری پێویستیان بۆکراوە و تەندروستیان جێگیرە.