کازمی: ئیدانەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەکەین بۆ سەر گەلی فەلەستین

13/05/2021
فۆتۆ: 

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق پارێزگاری دەکات لە هەڵوێستی مێژووی خۆی، کە خۆی دەبینێتەوە لە پشتیوانیکردنی کێشەی دادپەوەرانەی گەلی فەلەستینی دۆست و ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلیش دەکات بۆ سەر گەلی فەلەستین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە کازمی پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین ئەنجامداوە و جەختیکردووەتەوە لەوەی، حکومەت و عەلی عێراق پشتیوانی لە کێشەی رەوای گەلی فەلەستین دەکات و لەسەر ئەو هەڵوێستە مێژووییەی خۆشی بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین، بە توندنی ئیدانەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی کردووە بۆسەر گەلی فەلەستن، جا لە قودس و کەرتی غەزە بێت، هەروەها دژی زیانگەیاندنە بە مافی مێژووی لە خاکی فەلستیندا، کە چەندین شەهید و تێکۆشەری پێشکەشکردووە.

بە گوێرەی بەیاننامەکە ، سەرۆک وەزیرانی عێراق ستایشی هەڵوێستی گەلی فەلەستینی کردووە، لە بەربەرەکانێ و خۆڕاگرتن و بەدیهێنانی دەوڵەکەی کە پایتەختەکەی قودسی پیرۆز بێت.

لە بەیاننامەکدا ئاماژە بەوەشکراوە، لای خۆیەوە مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین ستایشی هەڵویستی کازمی کردووە، هاوکات ئاماژەی کردووە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عێراق و فەلەستین.

متمانەی خۆشی نیشانداوە بە گەلی عێراق کە هەمیشە پشت و پەنای تێکۆشانی فەلەستین بووە.