ئیسرائیل ناوبژیوانی ڕەتدەکاتەوە و حەماسیش دەڵێت بەرگری دەکەین

13/05/2021
فۆتۆ: 

دوا بە دوای ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی فەلەستین بۆردومانی کەرتی غەزە و هێرشە موشەکییەکانی بزوتنەوەی حەماس، سوپای ئیسرائیل بڕیاریدا هێزی یەدەگی زیاتری خۆی بانگهێشتی ڕیزەکانی سوپا بکات.

میدیای ڕوسیا لەزاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکانەوە بڵاویکردەوە، بەهۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکەوە، سوپای ئیسرائیل بڕیاردا بە بانگهێشتکردنی ٧ هەزار سەربازی دیکە بۆ ڕیزی سوپا.

بە گوێرەی هەواڵەکە هەموو مۆڵەتێکیش لەناو سەرجەم رێزەکانی سوپای ئیسرائیلدا ڕاگیراوە تا کاتێکی نەزانراو.

لە لایەکی ترەوە بینی گانتس وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی بڕیاریدا هەموو پێشنیاز و ناوبژیوانییەک بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی خۆی بۆسەر کەرتی غەزە رەتبکاتەوە.

کۆهین لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆی سوپای ئێسرائیل ڕایگەیاند، ڕێککەوتوون بە هەموو شێوەیەک سەرجەم داخوازییەکانی ڕاگرتنی ئاگر بەست رەتبکەنەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا بزوتنەوەی حەماسیش ڕایگەیاند، چەند دەوڵەتێک داوای ناوبژیوانیان لێکردوون بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل.

عزەت ڕەشیق ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس بە تۆڕی هەواڵی سی ئین ئینی ئەمریکای راگەیاندووە، هەریەکە میسر لە قەتەر و نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندییان پێوە کردوون بۆ ناوبژیوانی ڕاگرتنی شەر لەگەڵ ئیسرائیلدا.

ڕەشیق ڕایگەیاندووە، ئەوان لە بزوتنەوەی حەماس پێیان ڕاگەیاندوون، دەبێت یەکەمجار قسە لەگەڵ دوژمن بکەن، دوای ئەوەش حەماس بڕیاری خۆی دەدات.

ئەو ئەندامەی بزوتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوەشکردووە، لە زمانی ناوبژیوانەکانەوە بۆیان دەرکەوتووە ئیسرائیل گوێ بە ئاگار بەست  نادات و بەلایەوە گرنگ نییە، بۆیە ئەوانیش توانای بەرگە گرتنیان هەیە و بەرگری لە خۆیان دەکەن تا کاتێکی دوور مەودا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا بینی گانتس وەزیری بەرگیر ئیسرائیل داوای لە لێپرسراوانی وڵاتەکەی کرد هاوکار بن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، چونکە گەر رەوشەکە بەوشێوەیە بەردەوام بێت، ناوچەکە ڕووبەڕووی شەڕی ناوخۆیی دەبێتەوە.

گانتس ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ لەگەڵ زیاتر لە ٤٠ سەرۆکی ئەنجومەنە هەرێمایەتییەکان قسەی کردووە و باسیان لەگەل بەربەست و مەترسی ئەمنی و مەدەنییەکان کردووە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل دانی بەوەدا ناوە، پێویست سەرکردە مەیدانی و ناوخۆییەکان کاربکەن لەسەر ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچەکە و ئامۆژگاری عەرەب و جولەکەکان بکەن خۆیان ڕووبەڕووی جەنگی ناوخۆیی نەکەنەوە.

ئەو وتانەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کاتێکدایە، بەهۆی هێرشە ئاڵۆزبوونی زیاتری رەوشی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس، لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای ئیسرائیل عەرەب و جولەکەکان تێکهەڵچوون لە نێوان هەردوولا ڕوویداوە و مەترسی زیاتر ئاڵۆزبوونی رەوشەکە دەکرێت.
هەر ئەمڕۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەهۆی ڕەوشی خراپی ئەمنی ئیسرائیلەوە، بڕیاریداوە ١٢٠ لە هێزە سەربازی و مەدەنییەکانی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل بکشێنێتەوە
ئەمڕۆ ئەو ١٢٠ ئەمریکییە بە فڕۆکەیەکی سەربازیی لە ئیسرائیلەوە گەیشتوونەتەوە ئەڵمانیا.

بە گوێرەی هەواڵ دوای شکستهێنانی هەوڵە ناوبژیوانییەکانی قەتەر و میسر، ئەمریکا بە نیازە نوێنەری خۆی ڕەوانەی ناوچەکە بکات، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، بە مەبەستی راگرتنی ئاگربەست و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە.