رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتە زیاتر لە ١٦١ ملیۆن کەس

14/05/2021
فۆتۆ: 

رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا زیاتر لە ١٦١ ملیۆن کەسی تێپەڕاند و پزیشکانیش ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکەن بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهانی چین بڵاوبووەوە، کە بەشێوەیەکی خێرا سەرتاپای چینی گرتەوە و لە قۆناغی سەرەتاشدا هەرێمەکە بە رووی هەموو جموجوڵێکدا داخرا و تەنها لەماوەی ١٠ رۆژا چین نەخۆشخانەیەکی گەورەی دروستکرد بۆ نەخۆشەکانی.

پاش سێ مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە چین، بە جیهاندا بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە.

لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان، ١٦١ ملیۆن و ٨٣١ هەزار و ٦٦٤ کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، هاوکات، ١٣٩ ملیۆن و ٦٨٧ هەزار و ٤٣ کەسیش لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە و سێ ملیۆن و ٣٥٩ هەزار و ١٥٣ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

پزیشکان باس لەوەدەکەن، کە ئەم ئامارانە بە تەواوی ورد نین و چەندین کەسی دیکەش هەن توشی ڤایرۆسەکە بوون و لە نەخۆشخانەکاندا تۆمارنەکراون.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە کۆمپانیا تەندروستییەکانی جیهان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی دەرمان کەوتنە کێبڕکێی بەرهەمهێنانی ڤاکسین بۆ ڤایرۆسەکە.

تاوەکو ئێستاش چەند ڤاکسینێک بەرهەمهێنراون، لەوانەش، ڤاکسینی ئەسترازینکای بەریتانی، ڤاکسینی فایزەری ئەمریکی، ڤاکسینی سینۆفاڕمی چینی، کە بەشێوەیەکی بەرچاو لە وڵاتاندا بەکاردەهێندرێن و هەریەکە لە روسیا و ئێرانیش ڤاکسینی فەرمی خۆیان راگەیاندووە، هاوکات وڵاتانی دیکەش لە هەوڵی بەرهەمهێنانیدا.

پزیشکان لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە باسیان لە دروستبوونی بەرگری گستی دەکرد بەرامبر ڤایرۆسەکە، بەڵام ڤایرۆسەکە شێوەی گۆڕاوی لێپەیدا بوو و لە هەریەکە لە ئەفیقا و هیندستان و بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە شێوەی گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکرا.

پزیشکان باس لەوەدەکەن، ڤاکسینە بەرهەمهێنراوەکان دەتوانن بەرگری بەرامبەر جۆرە گۆڕاوەکانی کۆرۆناش دروستبکەن.

هاوکات، ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکەن، کە ڤاکسین بەکاربهێنن و تاکە رێگای کەمکردنەوەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بە وەرگرتنی ڤاکسین دەزانن.