لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئیدانەی هێرشکردنە سەر خێزانە کوردە دەکات لە تورکیا

14/05/2021
فۆتۆ: 

لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئیدانەی هێرشکردنە سەر خێزانە کوردە لە تورکیا دەکات و داواش لە نێردەی دیپلۆماسی عێراق دەکات چاودێری کەیسەکە بکات تا دەیگەنێتە دادگا.

شێرکۆ میروەیس سەرۆکی لیژنەی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، خێزانێکی عێراق کە خەڵکی هەرێمی کوردستانن لە شاری مێرسین لە تورکیا ڕووبەڕووی پەلاماردان و هەوڵدان بۆ کوشتن بوونەوە لەلایەنێک کۆمەڵێکی رەگەزپەرستەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئەنجامی رووداوەکە گەورەی خێزانەکە بە سەختی برینداربووە و بەهۆیەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

سەرۆکی لیژنەی دەرەوەی پەرلەمان راشیگەیاندووە، ئەوان بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە پەلاماردانە ڕەگەزپەرستانە دەکەن کە هەندێک لە گەشتیار و دانیشووانی ڕەوەندی عێراق لە تورکیا ڕووبەڕووی دەبنەوە و دووبارەش دەبنەوە.

شێرکۆ میروەیس داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات و سزای تاوانباران بدات.

 سەرۆکی لیژنەی دەرەوە داواش لە نێردەی دیپلۆماسی عێراق دەکات تا دەگاتە دادگا بەدواداچوون بۆ کەیسەکە بکات هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا بکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، دوانیوەڕۆ ئەمڕۆ خێزانێکی کوردی هەولێر کە بۆ گەشت چوونەتە تورکیا لە پارێزگای مێرسین لەنێوان لە ڕێگەی ئادانا بۆ ئەنتاڵیا لەلایان چەند تورکێکەوە ڕێگریان لێکراو پەلاماردران و باوک و کوڕەکەیان بریندارکرد کە دواتر باوکەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.