لاریجانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئێران کاندید کرد

15/05/2021
فۆتۆ: 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، وادەی خۆ کاندیدکردنی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئێران کۆتایی دێت و ناوی کاندیدەکان بۆ ئەنجومەنی پاراستنی دەستور بەرز دەکرێتەوە، کە دەسەڵاتی پەسەندکردنی کۆتایی کاندیدەکانی هەیە بۆ هەڵبژاردنەکە.

بەر لە چەند کاتێژمێرک وادەکە کۆتایی بێت، عەلی لاریجانی کەسایەتی سیاسی موحافزکار ، کە ماوەیەکی زۆر سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێران بووە، خۆی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئێران کاندید کرد.

لاریجانی یەکێکە لەو کەسایەتییە بەهێزانەی ئێران، کە پشتیوانی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکرد لەگەڵ هێزە جیهانییەکان.

لاریجانی تەمەنی ٦٤ ساڵە و دووەمجار خۆی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی وڵاتەکەی کاندید دەکات، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٥ یش خۆی کاندید کرد و سەرئەنجام بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو مەحمود ئەحمەد نەژاد بردییەوە.

 لە دوای تۆمارکردنی ناوخۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، لاریجانی لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆیی وڵاتەکەی بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، دەبێت سیاسەتی دەرەوەی وڵات بە ئامانجی کارئاسانی بێتب ۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە و لە پێناو گەشەی ئابوری وڵاتدا.

بڕیاریشە ٢٧ی ئەم مانگە ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران ئاشکرا بکرێن، پاشان بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکان دەستپێبکات.

بڕیاریشە ڕۆژی ١٨ی مانگی حوزەیرانی داهاتوو پرۆسەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئێران بەڕێوەبچێت.