سۆران.. سێ ئەندامی بنەماڵەیک لە گەلی عەلی بەگ خنکان

15/05/2021
فۆتۆ: 

لە قەزای سۆران، سێ ئەندامی بنەماڵەیک لەناو رووباری گەلی عەلی بەگ خنکان، کە بە مەبەستی گەشتیاری روویان لەو ناوچەیە کردبوو.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان لە سۆران رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ شەممە ١٥ی٥ی٢٠٢١، لە هاوینەهەواری گەشتیاریی گەلی عەلی بەگ، سێ گەشتیار خنکاون و تاوەکو ئێستا تەنها تەرمی یەکێکیان دۆزراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی زانیارییەکان هەرسێ کەسەکە ئەندامی یەک بنەماڵەن و پێکهاتوون لە باوک و دایک و منداڵێک کە بەڕەچەڵەک عەرەبن و بەمەبەستی گەشتیاری سەردانی ناوچەکەیان کردووە.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان راشیگەیاند، تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران توانیویانە تەرمی دایکەکە بدۆزنەوە و گەڕان بەدوای تەرمی باوک و منداڵەکەیدا بەردەوامە.

لەوبارەیەشەوە، بەیار محێدین وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، رووداوەکە بەوشێوەیە بووە کە منداڵی ئەو خێزانە بەناوی (ئیلاف) کە کچێکی تەمەن سێ ساڵ بووە، لە کەنار رووبارەکە یاریکردووە، دواتر شەپۆلی ڕووبارەکە لێیداوە و ئاو بردوویەتی، لەوکاتەشدا (مەروان)ی باوکی کچەکە بۆ ڕزگارکردنی خۆی فڕێداوەتە نێو ڕووبارەکە و ئەویش ئاو بردوویەتی.

 بەدوای ئەوانیشدا، هاوسەری مەروان بەناوی (تەغریب) بەئامانجی رزگارکردنی هاوسەر و منداڵەکەی خۆی فڕێداوەتە ناو رووبارەکە و ئەویش خنکاوە.

وتەبێژی بەرێوبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران راشیگەیاند، خێزانەکە خەڵکی شنگال و دانیشتووی کۆمەڵگەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێرن.