هێزێکی سەر بە پارتی کادرێکی یەکێتی لە ناحیەی دینارتە دەستگیرکرد

15/05/2021
فۆتۆ: 

هێزەکانی سەر بە پارتی لە ناحیەی دینارتە ئەندامێکی کۆمیتەی یەکێتی لە ناحیەکە دەستگیر دەکەن، هێزە ئەمنییەکانی سنورەکەش ئامادە نین زانیاری بدەن.

بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمیتەی ١٦ی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ناحیەی دینارتە، محەمەد ساڵح ئەندامی کۆمیتە لەلایەن هێزەکانی سەر بە پارتییەوە دەستگیرکراوە.

کۆمیتەی یەکێتی لەناحیەی دینارتە ئاماژەی بەوەکردووە، یەکەم جار نییە هێزەکانی پارتی لەو سنورە کادر و ئەندامانی یەکێتی دەستگیر دەکەن و ئەو جۆرە کارانە دەبێتە هۆی شێواندنی سەقامگیری ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیش، بۆیە داوا دەکەن بە زوترین کات ئازاد بکرێت.

لەوبارەیەشەوە مێڤان حازم لێپرسراوی کۆمیتەی دینارتەی یەکێتی رایگەیاندووە، "لەم سنورە تۆمەتی جیاجیا بۆ کادر و ئەندامانی یەکێتی دروست دەکرێت تەنها بۆئەوەی دەستگیر بکرێن، دەستگیرکردنی ئەم کادرەش هەر لەو چوارچێوەیەدایە".

هاوکات بەڕێوەبەری ئاسایشی ناحیەی دینارتە رایگەیاند، ئەو کادرە لەلایەن هێزێکی پێشمەرگەی رۆژ دەستگیرکراوە و رەوانەی ئاسایشی ئاکرێ کراوە.

وتیشی، ناتوانن زانیاری زیاتر لە سەر ئەو بابەتە بدەن و چاوەڕێی لێکۆڵینەوە دەکەن.