راستى رووداوى دەستگیرکردنى رۆژنامەنووسێک لە سلێمانى

16/05/2021
فۆتۆ: 

رۆژنامەنووس هێمن باقر ئەمڕۆ بۆ کارێکى تایبەت چووەتە بنکەى پۆلیسى بەختیارى لە شارى سلێمانى و، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر دۆسییەکى کۆن وتەى لێ وەرگیراوە و پاش ماوەیەکى کەم ئازاد کراوە.

بەپێى ئەو زانیاریانەى دەست تۆڕى هەواڵى ژیان کەوتووە، ئەو رۆژنامەنووسە لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرنەکراوە، بەڵکو بەپێى خۆى چووە بۆ بنکەى پۆلیس کە بۆ کارێکى تایبەتى خۆى سەردانى بنکەى پۆلیسى بەختیارى کردووە .

هەر بەپێى زانیارییەکان ئەو رۆژنامەنووسە دۆسییەکى کۆنى لەسەر بووە لەو کاتەى کە لە گۆڤارى لڤین کارى کردووە، لەبەرئەوە وەک رێوشوێنێکى یاسایی کاتێک چووەتە بنکەى پۆلیس،  لەسەر ئەو دۆسییە کۆنەکەش چووەتە بەردەم دادوەر و خۆى راستەوخۆ لەگەڵ دادوەر قسەى کردووە و دواتر بە کەفالەت ئازاد کراوە.

لە بەرامبەردا، هێمن باقر بە سەنتەرى میترۆى راگەیاندووە، "نە ئەزانم لەسەر چ كەیسێك و كێ داوای یاسایی لە دژ جوڵاندووە، تەنها پێیان راگەیاندووم كە لە پۆلیسی هەولێرەوە فەرمانی دەستگیركردنت هەیە، ئەوە چەند كاتژمێرێكە لە بنكەی پۆلیسی بەختیاری لە سلێمانی دەستبەسەرم".

بەپێى زانیارییەکانى تۆڕى هەواڵى ژیان پۆلیسى سلێمانى هیچ بڕیارێکى نەداوە بۆ دەستگیرکردنى ئەو رۆژنامەنووسە و رادەستکردنى بە پۆلیسى هەولێر، بەڵام هێمن باقر بە سەنتەرى میترۆى وتووە بریارە سبەینێ خۆى بچێتەوە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە تا رێنوێنی بكەن روو لە كام بنكەیەی پۆلیسی هەولێر بكات .