بوومەلەرزەیەک باکوری ئێرانی هەژاند

17/05/2021
فۆتۆ: 

بوومەلەرزەیەک باکوری ئێرانی هەژاند و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، بەوهۆیەوە ١٤ کەس برینداربوون.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ٥ی٢٠٢١، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 5.5 پلە بەپێوەری ریختەر شارۆچکەی سەنخاست لە پارێزگای خوراسانی باکور هەژاندووە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، پاش ئەو بوومەلەرزەیە، چەند پاشلەرزەیەکی دیکە لە ناوچەکە روویانداوە و خەڵکی تووشی ترس و دڵەراوکێ کردووە.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی، تاوەکو ئێستا ١٤ کەس برینداربوون و زیانیش بەر خانووبەرە و چەند باڵەخانەیەک لەو شارۆچکەیە و دەورووبەری گەیشتووە.

میدیای ئێران راشیگەیاندووە، دوابەدوای بوومەلەرزەکە، ژمارەیەک تیمی فریاکەوتن رەوانەی سەنخاست و گوندەکانی دەورووبەری کراون.