رۆژهەڵاتی کوردستان.. بەپاساوی شەرەف ژن و پیاوێک کوژران

17/05/2021
شارۆچکەی قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان
فۆتۆ: ئەرشیڤ

لە شارۆچکەی قەسری شیرین-ی سەر بە پارێزگای کرماشان، ژن و پیاوێک بەپاساوی شەرف کوژران.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی٥ی٢٠٢١، لە شاری قەسری شیرین ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی نەسرین پاڵەوانی و پیاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵ بە ناوی وەحید مورادی لە لایەن برای نەسرینەوە کوژراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە رایگەیاندووە، هاوسەری نەسرین پاڵەوانی پەیوەندی بە براکەی نەسرینەوە کردووە و ناونیشانی ماڵێکی پێداوە و پێیوتووە کە خوشکەکەت لە گەڵ پیاوێک لەو ماڵەدایە، دواتر براکەی ناوبراویش چووەتە شوێنەکە و بە غازی ناو ماڵەکە، هەردووکیانی خنکاندووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نەسرین لە گەڵ مێردەکەیدا کێشەی هەبووە و لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند جار چۆتەوە ماڵی باوکی و دیسان لە سەر گوشاری بنەماڵەی هەردوولا، گەرابۆوە ماڵی مێردەکەی.

هاوکات پزیشکی دادی قەسری شیرین هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە کە ئەو دوو کەسە بە هۆی غازی ماڵانەوە خنکێندراون، بەڵام دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ئەو دوو کەسە خۆیان کوشتبێت.

هەنگاو ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بنەماڵەی نەسرین پاڵەوانی ئامادەنەبوون پرسە و سەرەخۆشی بۆ کچەکەیان دابنێن.