قائیمقامیەتی سلێمانی چەند بڕیارێکی نوێ بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە دەرکرد
لە سلێمانی رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگە و سروشتی ناوچەکە دەگیرێتەبەر و قائیمقامی شارەکەش دەڵێت هەر کەسێک پابەند نەبێت رووبەرووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.
قائمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 17 ئایاری 2021، لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە ئامانجی پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگە و سروشتی ناوچەکە، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی کۆبووەتەوە و رایگەیاندووە: بەهەوڵی دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و رێکخراوەکان لە سلێمانی لە ماوەی چەند مانگی رابروودا، رووبەری ٨٠٠ دۆنم زەوی سەوز کراوە و نزیکەی ١٠٠ هەزار نەمام لە چیاکە رووێنراوە، ئەمە جگە لەو هەزاران دارەی کە خۆی لە چیاکەدا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەر لە کۆبوونەوەکەدا، دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێکرنی بژاردەکان بۆ پاراستنی چیاکە بڕیاری جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی خوارەوە دراوە و قائیمقامی سلێمانیش رایگەیاندووە، هەر کەسێک پابەند نەبێت رووبەرووی رێکار و سزای یاسایی دەکرێتەوە:
١ .لەزووترین کاتدا دەست دەکرێت بە ئاگر بڕ بۆ پاراستنی ئەزمڕ و گۆیژە بە ئامانجی رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە و زیان گەیاندن بە دارو ژینگەی چیاکە.
٢ .کۆشک و خواردنگەکانی سەرچیاکە پێویستە مۆڵەتی رێگەپێدانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان هەبێت و پابەند دەکرێن بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن.
٣ . مانەوەی گەشتیار و هاوڵاتی لە شەواندا تاکو بەیانی و خەوتن لە چیاکە قەدەغەیە.
٤ .ئاگرکردنەوە لەسەر چیاکە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٥ .تیمەکانی بەرگری شارستانی لە ئامادەیی تەواودا دەبن بۆ رێگری لە سوتانی چیاکەو ئەگەری ئاگر کەوتنەوە.
٦ .تیمی هێزە ئەمنییەکان لە ئاسایش و پۆلیس و هاتووچۆ بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن.
٧ .داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین لە بڵاوکردنەوەی هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیارکردنەوە بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی هاوکارمان بن.
|