راپەڕین.. بەتۆمەتی هێرش کردنەسەر خاوەنی نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو کەسێک دەستگیرکرا

17/05/2021
فۆتۆ: 

پۆلیسی راپەڕین کەسێکی دەستگیرکرد کە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی خاوەنی نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو و بەداری کارەبا هێرشی کردووەتەسەر.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "کاتژمێر 7:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی٥ی٢٠٢١، هێزەکانمان لە پۆلیسی فریاکەوتنی پشدەر کەسێکیان دەستگیر کرد کە لەماڵەکەی خۆیدا هەڵیکوتاوەتە سەر خاوەنی نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو، پاشان بەداری کارەبا هێرشی کردۆتەسەر و شوێنەواری 3 برینیش بەسەریەوە هەیە" .

ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، تۆمەتبارەکە دانی ناوە بەتاوانەکەیدا و بەوتەی خۆی، "کاتژمێر 2:00ی شەو بە حەبل لەسەربان چۆتە ناو حەوشەی تاوانلێکراو بۆ پارە، لەوێ ماوەتەوە تا کاتژمێر 7:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تا ئەو کاتەی خاوەنی نوسینگەکە سەیارەکەی هەڵدەکات بەمەبەستی چونی بۆ بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەکان و دەستبەجێ هێرشی کردۆتەسەر و چەند جارێک داری کارەبایی لێداوە، بەڵام خاوەنی نوسینگەکە بەرگری لەخۆی کردووە و نەیتوانیوە جانتای پارەکەی لێبستێنێت ".

بەوتەی خاوەنی نوسینگەکەش، "ئەو کەسەی هێرشی کردۆتەسەر چەند ماڵێک لەخۆیانەوە دورە و بەسودوەرگرتن لەسەربانی دراوسێکان دزەی کردۆتە حەوشەی ماڵیان بەمەبەستی هێرشکردنەسەری تا جانتای پارەکەی لێ بستێنێت " .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاندووە، تۆمەتبار پێشتر ئامادەکاری کردووە و دەستیش گیراوە بەسەر دارێکی کارەبایی و حەبلێکی 8 مەتری و مۆبایلێک و دەستکێش و کڵاوێک و ماسکێک.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەندکراوە بە ماددەی 406 بڕگەی 31 و دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامه.