مەحمود سەنگاوی: پێشمەرگە و سوپای عێراق دوو لیوا دروست دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش

17/05/2021
فۆتۆ: 

بەرپرسی مێحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش، پێشمەرگە و سوپای عێراق چەند ناوەندێکی هەماهەنگییان پێکهێناوە و دوو لیواش دروست دەکەن.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، مەحمود سەنگاوی بەرپرسی مێحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، " لە موسڵ و هەولێر و کەرکوک و خانەقین چوار ناوەندی هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق پێکهێنراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و گروپە تیرۆریستییەکان، لە سبەینێشەوە نوێنەرانی ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەچن لەگەڵ نوێنەرانی ناوەندەکانی هەماهەنگی کەرکوک و خانەقین کۆدەبنەوە".

ئاشکراشیکرد، هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دوو لیوای هاوبەش دروست دەکەن، بۆ لێدان و راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بۆشاییە ئەمنییەی دروستبووە، لەو سنورانەدایە کە هێزی عێراق کۆنتڕۆڵیکردووە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە هیچ بۆشاییەکی ئەمنیی نییە و چەکدارانی داعش ناتوانن جموجۆڵ بکەن.

مەحمود سەنگاوی راشیگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ٧٠ و شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کۆبوونەتەوە و لە نزیکەوە سەردانی بەرەکانی پێشەوەی شەڕیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکاندا کەموکوڕییەکانی هێزی پێشمەرگە تاوتوێ کراوە و بڕیاردراوە، بەپێی بەڵێنەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، موچەی ئەو هێزانەی کە لە وەزارەتی  پێشمەرگە رێکخراونەتەوە، سێ مانگ، سێ مانگ بۆیان خەرج بکرێت و چەک و کەلوپەلی سەربازی نوێشیان بۆ دابین بکرێت.