کتێبی بەفر و ئاگر
حسەین لەتیف
ئاگر هەمیشە تینووە،
ئەگینا بە باران نە دەکوژایەوە .
بەفر هەمیشە سەرمایەتی،
ئەگینا بە تیشک نە دەتوایەوە .
من و تۆ دەبێت هەمیشە دوو کتێب بخوێنینەوە؛
کتێبی بەفر و ئاگر .
*
شێوەکارێک تابلۆیەکی کێشا،
لە تابلٶکەدا:پیاوێک بەڕووتی،
ژنێکی رووت بانگ دەکات بۆ سەما؛
سەما لە ناو بەفردا !
*
شاعیرێک شیعرێکی نووسی :
ئەڤین کەوتنەوەی ئاگرە،
شیعر سەمایە بە رووتی؛
ئەڤینی من بۆ تۆ: واتە سەما لە ئاگردا !
*
کتێبی بەفر بخوێنەوە،
ئەم ئاگرە وانەبێت خامۆش نابێت .
کتێبی ئاگر دەخوێنمەوە،
ئەو بەستەڵەکە وا نەبێت ناتوێتەوە .
*
جەمسەرە لە یەکچووەکان،
لە یەکتر دوور دەکەونەوە،
جەمسەرە جیاوازەکان،
هێزی یەکتر راکێشانیان هەیە،
گرنگ نییە فیزیاناسەکان ئەمەیان لە تابلۆی شێوەکارەکەدا دۆزیوەتەوە،
یان لە شیعری شاعیرەکەدا؟
پیاو و ژنە ڕووتەکەی ناو بەفرەکە کەس نییە جگە لە من و تۆ
ژن و پیاوە رووتەکەی ناو ئاگرەکە کەس نییە جگە لە من و تۆ !
کەواتە بەردەوامبە لە خوێندنەوەی کتێبی بەفر،
بەردەوام دەبم لە خوێندنەوەی کتێبی ئاگر،
سروشت بەو جۆرە لە ئێمەدا درێژە بە ژیانی خۆی دەدات.
|