کەشناسی عێراق پێشبینی کەشوهەوای ئەم هەفتەیەی ڕاگەیاند

17/05/2021
فۆتۆ: 

دەستەی گشتی کەشناسی عێراق ئەمرۆ پێشبینی خۆی بۆ دۆخی کەشوهەوا لە ماوەی ئەم هەفتەیە ڕاگەیاند.

عامر جابری بەرێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاند، کەشوهەوا لە ناوچەکانی ناوەڕاست لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەشێوەیەکی گشتی، ساماڵ و نیمچە هەور دەبێت لە هەندێک ناوچە، خێرایی با لە نیوان ١٠ بۆ ٢٠ کلیۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.

سەبارەت بە ناوچەکانی باکور، ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە هەندێک ناوچەکەش دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و پلەکانی گەرماش بە جێگری وەک ڕۆژانی ڕابردوو دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێوەیەکی گشتی کەشوهەوا لەماوەی ئەم هەفتەیەدا ئاسمان ساماڵ دەبیت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دوو پلە زیاتر لە چاو ڕۆژانی ڕابردوودا.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای کەشناسی عێراق روونیکردەوە، عێراق لە بەردەمی دەستپێکردنی وەرزی هاویندایە، ئاشکراشە پلەکانی گەرما گۆڕانکای بەرچاویان بەسەردا دیت بە تایبەت لە هەردوو مانگی تەموز و ئابی داهاتوودا.

جەختیشیکردەوە، بەهۆی کەمی بارانبارین و کاریگەریی بای وەرزی ، چاوەرواندەکرێت ڕێژەی خۆڵبارین و گەردەلولی خۆڵاوی زیاتر ببێت.

ماوەی دوو ساڵە لە سەرانسەری عێراق باران و بەفر وەک پێویست نەباریووە، ئەوەش کاریگەریی بەرچاوی هەبووە لەسەر دۆخی کەشوهەوا بە گشتی و کەمبوونەوەی سەوزایی و سەرچاوە سروشتییەکانی ئاو، هەموو ئەوانەش کاریگەرییان هەبووە لەسەر گەرمبوونی کەشوهەوای عێراق بە گشتی