کونسوڵخانەی ئەمریکا: حکومەتی هەرێم پێی ووتووین کۆبوونەوە لەگەڵ دیپلۆماتکاران تاوان نییە

17/05/2021
فۆتۆ: 

کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەت ڕوونیکردنەوەی داوە لەسەر ئەوەی کۆبوونەوە لەگەل دیپلۆماتکاران تاوان نییە.

کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێشوازی دەکەن لە جەختیکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاڵپشتی تەواوی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕێزگرتن لەو کارە گرنگانەی کە دیپلۆماتکارەکان دەیکەن لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکانی تر، لەپێتاو پاڵپشتیکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی و یاسا.

دوێنێش حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا، هەردوولایان پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی کاری ڕاگەیاندن و ئازادی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕی کە سیمایەکی گەشی هەرێمی کوردستان و هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە .

لە ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، لەسەر کەیسی حوکمدراوانی بادیناندا ، ئاماژەیان بەوەدا کە ئەوە بابەتێکی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت . پشتیوانیی و ڕێز و پێزانینی خۆشین بۆ کاری دیپلومات و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختیان کردەوە کە ڕەفتارە نا یاساییەکانی حوکمدراوان و خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکانیان، بە هیچ شێوەیەک گومان لە سەر لایەنە دیپلوماسیيەکان دروست ناکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری دیپلوماتکارانی ناو هەرێمی کوردستان، بەرز دەنرخێنێت و هەموو ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش دەکات .