داهێنانێکی نوێ پاشماوە پلاستیکییەکان بۆ سوتەمەنى فڕۆکە دەگۆڕێت

18/05/2021
فۆتۆ: 

زانایانی زانکۆی ویلایەتی واشنتۆن داهێنانێکى نوێیان دۆزیوەتەوە کە لە ماوەی یەک کاتژمێردا پاشماوەی پلاستیکی بۆ سوتەمەنى فڕۆکە دەگۆڕێت.

ئەو زانایانە ئەوەیان خستووەتەڕوو، ماددەى پۆلی ئەسیلین کە  بە شێوەیەکی فراوان لە جیهاندا بەکاردەهێندرێت بۆ  دروستکردنی کاڵا پلاستییکییەکان و لە دوای بەکارهێنانییان بووەتە هۆی پیسبوونى ژینگە ، دەتوانرێت دووبارە سود لەو کاڵایانە وەرگیرێت  وەک سوتەمەنی بۆ فڕۆکە .

باسلەوەشکراوە، ئەو داهێنانە نوێیە لە ڕێگەى بەکارهێنانی ماددەی روسینیۆم و کاربۆنەوە ئەنجامدەدرێت ، کە دەکرێت  بەسەر ماددە پلاستیکییەکەدا و شیتەڵی دەکات  و دەبێته سوتەمەنى کارای فڕۆکەکان.

زانایانی ئەو زانکۆیە ئاماژەیان بەوە کردووە ، ئەم کردارە لە ژێر پلەیەکی گەرمی زۆردا ئەنجامدەدرێت کە ٢٢٠ پلەی سەدییە بۆ ئەوەى  کردەی گۆڕانی پلاستیکەکە بۆ مادە سوتەمەنییەکە ڕووبدات.

ئەم داهێنانە نوێیەی زانایانی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە کێشەى پاشماوە پلاستییکییەکان و پیسبوونى ژینگە بووەتە کێشەیەکی جیهانی و کە ڕۆژانە  هەزاران تەن  لەو ماددانە دەکرێن بە ژێر خۆڵەوە یاخود دەخرێنە دەریاکانەوە و ژینگەی زەوی پیسدەکەن.